ناڕەزایەتیی لە دژی قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ١ـی ئایار لە تەقسیم پیشاندرا

ناوەندی هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتى تورک و دەسەڵاتی یەکەمی ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوونی چالاکی ١ـی ئایاریان لە تەقسیم قەدەغەکرد، ئەمەش کاردانەوەی دەم پارتی و دیسکی لێکەوتەوە و ڕایانگەیاند، ناچنە ژێر باری ئەو قەدەغەکارییە.

دوای ئەوەی عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی دەوڵەتى تورک ڕایگەیاند، کە چالاکییەکانی ١ـی ئایار لە تەقسیم قەدەغەکراون، کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ-دیسک و کۆمسیۆنی ڕەنجی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان-دەم پارتی، لە بەرامبەر ئەم بڕیارە وەستانەوە.

کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (دیسک) لە دژی ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی نیشاندا، قەدەغەکردنی گۆڕەپانی تەقسیمی بە ڕووی کرێکاران بە پێشێلکاریی ناوبرد، بۆ بەشداری لە مەراسیمەکانی ١ـی ئایار لە تەقسیمی ئەستەنبوڵ بانگەوازیی ڕاگەیاند.

هەر لە بارەی ئەو بڕیارەوە، کۆمسیۆنی ڕەنجی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند، قەدەغەکردنی تەقسیم بە ڕووی چالاکییەکانی ١ـی ئایار دواین هەنگاوی دەسەڵاتە کە لە ڕێگەی فشار و توندوتیژییەوە سەرجەم کێشەکانی وڵاتەکە، بە تایبەتی کێشەی کوردی قووڵتر کردووەتەوە.

دەم پارتی جەختیشی کردەوە، ئەو بڕیارە بە فەرمی ناناسێنن و ناچنە ژێرباری.

لای خۆشیەوە موراد کالماز، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، ئێمە لە دژی چەوساندنەوە، ئەو شەڕەی لە ئارادایە، گۆشەگیریی، قڕکردنی کرێکاران، بانگەواز لە هەموو گەلەکەمان و کرێکاران دەکەین، کە ١ـی ئایار لە تەقسیم بن، وەرن شان بە شانی یەکدی لە گۆڕەپانی تەقسیم بین.

لە ١ـی ئایاری ساڵی ١٩٧٧، ئاهەنگ و دیدارێک لە جەژنی کرێکاراندا بە بەشداری نزیکەی ٥٠٠ هەزار کرێکار لە تەقسیمی ئەستەنبوڵی تورکیا بەڕێوەدەچوو ، پۆلیسی دەوڵەتی فاشیست تورک هەڵیکوتایە سەر ئاهەنگەکە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لە دەستدا و ١٦٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ب. ق

Comments are closed.