بەرزترین تاڤگەی هەرێمی كوردستان و عێراق بێ ڕێگا و خزمەتگوزارییە

باڵەكایەتی

تاڤگەی كانی بەست كە بەرزترین تاڤگەی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەنرێت، لە وەزرە جیاوازەكانی ساڵ و بە تایبەت لە وەرزی بەهار بەهۆی سەرنجڕاكێشی دیمەنەكەی گەشتیارێكی زۆری لە ناوچە جیاوازەكان بۆدێت، تاكو ئێستاش خزمەتگوزاری ڕێگا و بانی نییە، ئەوەش بووەتە گرفت لەبەردەم ئەو كەس و گەشتیارانەی ئارەزووی چوونە تاڤگەکە دەكەن.

وێڕای خراپی ڕێگا و نەبوونی هیچ خزمەتگوزاریەك بۆ تاڤگەی كانی بەست لە سنووری شارەدێی قەسرێی سەر بە شارۆچكەی چۆمان لە سنووری پارێزگای هەولێر، گەشتیاران و ئەوكەسانەی سەردانی تاڤگەكە دەكەن بەهۆی نەبوونی ڕێگا و بوونی هەڵدێر لە ڕێگای چوون بۆ تاڤگەكە، بە ئەستەم گەشتیاران دەتوانن بە تاڤگەكە بگەن و وە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ژنان و منداڵان ناتوانن بگەن بە تاڤگەكە، بۆیە داواكارن خزمەتگوزاری بۆ شوێنی تاڤگەكە بكرێت و ڕێگای بۆبچێت.

عەلی موراد یەكێك لەو گەشتیارانەیە كە لەگەڵ خێزانەكەی لە هەولێرەوە بە مەبەستی بینینی تاڤگەكە چوون،  ئاماژە بەوە دەكات، بەهۆی نەبوونی رێگاو هەڵدێر و شاخ و بەردەڵان نەمانتوانی بگەین بە تاڤگەكە كە تایبەت بۆ بینینی ئەم تاڤگەیە لە هەولێرە هاتوین و بۆیە بە ناچاری لە نزیك تاڤگەكە گەڕاینەوە.

ئەو گەشتیارە دەشڵێت: پێویستە حكومەت خزمەتی ئەم ناوچە گەشتیارانە بكات، بە تایبەت تاڤگەی كانی بەست كە بەرزترین تاڤگەیە لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەم هۆیەوە گەشتیرێكی زۆر بۆدێت، بەڵام بە ئەستەم گەشتیاران دەتوانن بگەن بە شوێنەكە بەتایبەت ئەوانەی كە نەخۆشن یان بە تەمەنن یان ژنن و منداڵی بچوكیان لەگەڵ دایە.

هەردی قابیل یەكێك لەو گەشتیارانەی كە بۆ جاری دووەم سەردانى كانی بەستی کردووە و دەڵێت: كانی بەست یەكێكە لە تاڤگە هەرە جوان و دڵگیرەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەهۆی گرنگی و بەرزی تاڤگەكەوە ئێستا بانكی ناوەندی عێراق وێنەكەی خستۆتە سەر بەرزترین دراوی عێراق، بۆیە گرنگە لە لایەنی هەرێم گرنگی پێ بدرێت و خزمەتگوزاری بۆ بچێت، چونكە تا ئێستا ڕێگاو بانی نییە و خەڵك و گەشتیاران بە زەحمەتیەكی زۆرەوە دەگاتە سەر تاڤگەكە.

هەردی لەبارەی ڕێگای تاڤگەكەوە دەڵێت: لە گوندی وەڵزەوە تا دەگەیتە تاڤگە دەبێت ٢٥ كیلۆمەتر بە ڕێگای خۆڵ و چاڵ ئۆتۆمبێل بڕوات و دواتریش نزیكەی ٤٠ خولەك دەبێت گەشتیاران و ئەو كەسانەی دەیانەوێت بگەنە تاڤگەكە بە پێ و بەناو بەردەڵان ڕێگای هەڵدێرو تەسك و دا بڕۆن، ئەوەش زەحمەتیەكی زۆری بۆ گەشتیاران دروستكردووە، بۆیە داواكارین حكومەت خزمەت گوزاری بۆ تاڤگەكە بێنێـت.

تاڤگەی كانی بەست دەكەوێتە نێوانی هەردوو چیای كۆخە و شێخ ناسر لە سنووری گوندی وەڵزەی سەر بە شارەدێی قەسرێ لە پارێزگای هەولێر، بەرزیی تاڤگەكە دیمەنێكی ناوازەی دروستكردووە.

 تاڤگەكە هەزار و ٧٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ٣٤ مەتر لە بەرزیی شاخ دەڕژێت، بەرزترین تاڤگەیە لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا، وێنەی تاڤگەكە لەسەر ٥٠ هەزار دیناریی عێراقی نەخشێندراوە، بەڵام ئەم تاڤگەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هیچ گرنگییەکی پێنەدراوە و بێ خزمەتگوزارییە.

هـ.ح

Comments are closed.