ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دژی تێکدانی ژینگەی سلێمانی ناڕەزایەتیان ڕاگەیاند

سلێمانی

ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژینگەیی، ڕایدەگەیەنن، پاراستن و پاک ڕاگرتنی ژینگە و سروشتی کوردستانی ئەرکی هەموو لایەکە و دەسەڵاتی هەرێم بە ئاشکرا دەرگای واڵا کردووە بۆ کۆمپانیاکان بەبێ ڕەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی سروشت تێکبدەن.

ئەمڕۆ، دژی تێکدانی سروشت و ژینگەی جوانی کوردستان، لە شاری سلێمانی بە بەشداری کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پیشەیی و ژینگەیی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.

چیمەن عومەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا بەیاننامەی ڕێکخراوەکانی خوێندەوە و وتی: پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان ئەرکی هەموو لایەکمانە، ئێمەش کۆمەڵێک لە ڕێکخراویی مەدەنی و پیشەیی و دیموکراتی و ژینگە دۆست، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی هەستکردنمان بە مەترسیی خراپ بوون و تێکدانی ژینگەی کوردستان بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان ڕابگەیەنین و هۆشداری بدەینە ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیایانەی، کە تەنها لە پێناوی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیاندا، ژینگەی شارەکەمان دەشێوێنن.

وتیشی: کوردستان سروشتێکی جوانی پڕ لە شاخ و سەوزایی هەیە و دەبێتە هۆی جوان و پاک ڕاگرتنی سروشتەکەمان و دەتوانرێت بۆ بەرژەوەندی گشتی بە کار بهێنرێت.

ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بەوەش کردوە، لە دوای دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان، کە دەسەڵاتی هەرێم بە قازانجی وەبەرهێنران دەری کردووە، هەروەها دەستدرێژی زۆر کراوەتە سەر زەوی کشتوکاڵی، ئەمەش بەبێ ڕەچاوکردنی پاراستنی سروشت و ژینگەی کوردستان.

هەروەها باسیان لەوەشکردوە، ئەوان لەگەڵ پێشکەوتن و تەلارسازی نوێدان، بەڵام ئەمەی لە کوردستاندا ڕوودەدات هیچ هاوسەنگییەک ڕانەگیراوە لە نێوان وەبەرهێنانی بیناسازی و پاراستنی سروشتی کوردستان، کە هەمووان پێویستیان پێیەتی و ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سەلامەتی ژیانمانەوە.

هاوکات لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتوو: ئەوەی جێگای نیگەرانی و ڕەخنەیە، کە دەسەڵات بە ئاشکرا دەرگای واڵا کردووە بۆ کۆمپانیاکان بەبێ ڕەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی، وەک نموونەی ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆ و بڕین و لەناوبردنی چنار و سەوزایی شاخی گۆیژە، ئەم جۆرە کار و پڕۆژانەش بەبێ بوونی مەرجەکانی سەلامەتی زیانیان بۆ ژینگەی کوردستان هەیە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی ڕێکخراوەکاندا، بەم چەند خاڵە هاتووە:

-١ ئەم جۆرە پڕۆژانە زیان بە سروشت و ژینگەی کوردستان دەگەیەنێت.

٢- تاپۆکردن و بەتایبەتکردنی ئەم ناوچانە لەسەر کۆمپانیا و کەرتی تایبەت دەبێتە هۆی گواستنەوەی موڵک داری گشتی، کە هەموو هاونیشتمانییەک دەتوانێت بێ جیاوازی سوودی لێوەرگرن، بەڵام کە دەکرێتە کەرتی تایبەت و پرۆژە ئەوا تەنها کۆمەڵێک سەرمایەدار سوودی لیوەردەگرن.

٣- بوونی کارگەی پیشەسازی و بیناسازی لە شوێنی نزیک ناوچەکانی نیشتەجێبوون وەک بازیان و تانجەرۆ، وەک پێویست ڕەچاوی سەلامەتی بۆ ژینگە و ژیانی هاووڵاتییان نەکراوە، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە و ژینگەکەی دروست کردووە.

لە کۆتاییدا ڕێکخراوەکان داوا دەکەن، کە پێداچوونەوە بە ناوچە پیشەسازییەکاندا بکرێت و سنوورێک دابنرێت بۆ کردنەوەی ئەم پڕۆژانە لە ناوچە کشتوکاڵییەکاندا.

هـ.ح

Comments are closed.