هاوڵاتییان: درێژەدان بە ڕێبازی هەڤاڵ هەڵمەت لەسەر ئێمەیە

بۆتان گەرمیانی

لە ساڵیادیی شەهیدبوونی دیار غەریب “هەڤاڵ هەڵمەت”دا هاوڵاتییان سووربونیان لەسەر ڕێبازی ئەوشەهیدە دووپاتدەکەنەوە و دەڵێن: بە هەموو بنەما و پێوانەیەک سەرکردە و پێشەنگ بوو، ئەگەر بمانەوێت خاوەنداری لە هەڤاڵ هەڵمەت بکەین، تایبەتمەندییەکانی ئەو بۆمان ڕێکخستنە و نموونەی شۆڕشگێڕییە و ئەرکی ئێمەیە بەرجەستەی بکەین.

ئێوارەی دوێنێ لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکی بەشکۆدا یەکەم ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دیار غەریب ناسراو بە هەڤاڵ هەڵـمەت بەرزڕاگیرا، هاوڵاتیانی بەشداربووی مەراسیمەکە سەبارەت بە کەسایەتی و ژیان و تێکۆشانی هەڤاڵ هەڵمەت، هەستی خۆیان بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو.

لەسەرەتادا عومەر حاجی حسێن، یەکێک لە بەشداربووانی مەراسیمەکە وتی: هەڤاڵ هەڵمەت کەسایەتییەکی پێشەنگ و ڕابەربوو، هەموو جوڵەیەکی ڕێکخستنی بوو، لە وتاردانیشدا مێژوویی بوو بە هەموو پێوان و بنەمایەک سەرکردەبوو، ناتوانین بە وشە وەسفی بکەین، چونکە گەورەیی و دەوڵەمەندبوونی ئەو لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی و فەلسەفی و زانستیدا دەریایەک بوو، لەدەستدانی هەڤاڵ هەڵمەت خەسارەتێکی گەورەیە بۆ تەواوی گەلی کورد.

وتیشی: ئەگەر بمانەوێت خاوەنداری لە هەڤاڵ هەڵمەت بکەین، تایبەتمەندییەکانی ئەو بۆمان ڕێکخستنە و تایبەتمەندی شۆڕشگێڕییە و دەبێت بەرجەستەی بکەین، هیوادارم هەموو کوردێک و هەموو هەڤاڵانیشی، تایبەتمەندییەکانی ئەو بکەن بە سەرچاوەی ئەخلاق و پەروەردەی خۆیان.

کوێستان ئیسماعیل، هاوڵاتییەکی دیکەی بەشداربووی مەراسیمەکە لەبارەی شەهید هەڵمەتەوە ئامژەی بۆ ئەوە کرد کە “هەڤاڵ هەڵمەت یەکێک بوو لەو کەسایەتییە دیارانەی ناو تێکۆشان، بە شەهیدبوونی ئەو تێکۆشەرە بۆشاییەکی زۆر گەورەی بەجێهێشت لە ناوماندا، هەتا باسی بکەین کەمە، شۆڕشگێڕێکی دڵسۆزبوو، ئەوەی لەسەر ئێمەیە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی ئەوبین و ڕێگای ون نەکەین”.

هەر لە بارەی ئەو شەهیدە سەرکردەیەوە چرۆ محەمەد، هاوڵاتی، وتی: هەڤاڵ هەڵمەت کەسایەتییەکی پەروەردەکراو و بەهێزبوو شەهیدێکی نەمرە، ڕمزی شۆڕشگێڕیی و تێکۆشانە، شەرمەزاری ئەو کەسانە دەکەم کە لەژێر پەردەی کوردایەتییدا خیانەت لە شۆڕشگێڕەکانمان دەکەن، دەبێت گەلی خۆمان سەر لە نوێ پەروەردە بکەینەوە و دەستی خیانەت لە ناوماندا ببڕینەوە.

ک.س  

 

 

Comments are closed.