پانۆراماى ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکانى ساڵى ٢٠١٨

دووشەممە, 24 ديس 2018 – 10:21  ڕۆژنیو – ناوەندی هەواڵەکان

ئەو ئامارى کوشتن و خۆکوشتنانەى لەم پانۆرامایەدا هاتووە، ئامارى کوشتن و خۆکوشتنى ژنانى تێدا نییە، لەبەر ئەوەى لە پانۆرامایەکى تایبەت بە ژنان-دا ئەو ئامارانە دەخەینە ڕوو.

لە شەوى ١ى کانونى دووەم، بومەلەرزەیەک بەگوڕى ٣.٣ پلەى ڕێختەر لە شارى هەڵەبجەى دا، بەهۆى کاریگەریى بومەرزەکەى ساڵى ڕابردووەوە هاوڵاتیانى هەڵەبجە ترسیان لەم بومەلەرزەیەش هەبوو، لەبەر ئەوە هەندێک لە هاوڵاتیان هەتاوەکو بەرەبەیان لە دەرەوەى ماڵەکانیان مانەوە.

لە مانگى کانونى دووەمدا، لە هەرێمى کوردستان، چوارکەس کوژراون و چوار کەسیش خۆیانکوشتووە و سێ کەسیش بەهۆى غازى سۆپاوە گیانیان لەدەستداوە.

لە ڕۆژى ١١ى کانونى دووەم، بومەلەرزەیەک بە گوڕى ٥.٦ پلەى ڕێختەر، باشور و ڕۆژهەڵاتى کوردستانى هەژاند و دڵە ڕاوکێى لاى هاوڵاتیان دروستکرد.

لە ڕۆژى ١٤ى کانونى دووەم، بومەلەرزەیەک بە گوڕى ٣.٣ پلەى ڕێختەر، لە شارى هەڵەبجە ڕوویدا.

لەمانگى شوبات-دا سێ حاڵەتى کوشتن و سێ حاڵەتى خۆکوشتن و یەک حاڵەتى گیان لەدەستدان بەهۆى غازى سۆپاوە هەبوو.

لە مانگى ئازاردا لە باشورى کوردستان ١١ کەس کوژراون و دوو کەس خۆیانکوشتووە.

لە مانگى نیساندا، لە باشورى کوردستان یەک کەس کوژراوە و دوو کەسیش خۆیانکوشتووە.

ڕۆژى ١٤ى نیسان، کە ساڵیادى ئەنفالە، هیچ مەراسیمێک بۆ ئەویادە لە شارۆچکەى کەلار ناوەندى ئیدارەی گەرمیان ئەنجام نەدرا، هەربۆیە کەسوکاری ئەنفالکراوان سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد لە گوندی دێبنە لە شارەدێی ڕزگاریی سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و بەو شێوەیە یادى ئەنفالیان کردەوە.

ڕۆژى ١٦ى نیسان، بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٤.٤پلەی رێختەر لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانی و هەولێری دا و هیچ زیانێکی بەدوای خۆیدا نەهێنا.

لە مانگى حوزەیراندا، لە باشورى کوردستان شەش حاڵەتى کوشتن و پێنج حاڵەتى خۆکوشتن هەبووە و یەک حاڵەتى گیانلەدەستدان بەهۆى تەقینى بوتڵى غازەوە هەبووە.

توێژەرانی کۆمەڵایەتیی هۆکاری ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتنیان دەگەڕانەوە بۆ زۆریی جەک لە ماڵەکاندا، دورستبونوی قەیرانی کۆمەڵایەتیی، سەروەرنەبوونی یاسا و خراپی بارودۆخی هەرێمی کوردستان.

لە ڕۆژى ٢٠ى حوزەیراندا بەهۆكارێكی نادیار ئاگرێكی بەهێز سنووری چەند گوندێكی هەورامانی گرتووەتەوە، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرگری شارستانی هەڵەبجە-ش نەیشاردەوە، کە گومان دەکەن ئاگرەکە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبێت.

ڕۆژى ٢ى تەمموز لە بینای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، ئامارى شەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵ ڕاگەیەندرا، کە تێیدا هاتبوو، لە سنورى گەرمیان ۱٥٤ سەڕپێچیکار بە هۆی ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندەی کێوییەوە دەستگیرکراون، هەروەها ۱٨ باڵندەو ئاژەڵى کێوی ئازادکراون، ئاماژە بەوەشکرابوو، کە ١٠ دۆنم زەوی لە پووش و پاوان سوتاوە،هەروەها ڕاگەیەندرابوو، کە بەشێوەیەکی گشتیی ئامارەکان بە بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۷ ، زیادیان کردووە.

لە هەمان ڕۆژدا پۆلیسى داراستانى هەڵەبجەش ئامارى شەش مانگى ڕاگەیاند و تێیدا ئاماژەى بەوەکرد، کە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ، ٣٤ سەرپێچیكار بەهۆی ڕاوكردنی باڵندەی كێوی و ئاژەڵ و ماسی دەستگیركراون، هەر بەپێی ئامارەكە، بە بەراوورد بە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو ژمارەی سەرپێچیكاران و ڕاوكردن و لەناوبردنی ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان كەمی كردووە.

شەوى ٥ى تەمموز ئاگرێکى گەورە لە بازاڕى سێران-ى شارى هەولێر کەوتەوە، لەدواى ئەوەى شەو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا، بۆ بەیانییەکەشى دووبارە ئاگر لە قەیسەرییەکە کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٤٠ دوکان سوتان، بەگری شارستانییش هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکەى بۆ شۆرتى کارەبا گەڕاندەوە.

لە هاوینی ٢٠١٨ دا و لەکاتی جیاواز و نزیک لەیەکتردا، پێنج جبەخانەی چەک و تەقەمەنی لە هەولێر، دۆک و سلێمانی تەقینەوە، هەرچەندە بەرسانی سەربازیی دەیانوت، کە گوایە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە دەتەقنەوە، بەڵام ئەوە بۆ هاوڵاتیان باوەڕپێکراو نەبوو، دەوترا کە بەرپرسان بەهۆکارێکی شاراوە خۆیان دەیانتەقێننەوە.

شەوى ٢ى تشرینى یەکەم، ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، بەرهەم ساڵح-ى وەک سەرۆک کۆمارى عێراق دیاریکرد، لە شارى سلێمانى و دەوروبەرى بەو بۆنەیەوە تەقەى خۆشی کرا، ئەوەش بووە هۆى کوژرانی سێ هاوڵاتى.

شەوى ٢٤ى تشرینى یەکەم، ئاگر لە بازاڕی لەنگەى شارى هەولێر کەوتەوە و بە هۆیەوە زۆربەی دووکانەکانى نێو بازاڕەکە سوتان و دووکاندارەکان لەسەر ئەرکی خۆیان دەستیان بە نۆژەنکردنەوە کرد.

ڕۆژى ٢٥ تشرینى یەکەم، بەهۆى بارانبارینى زۆرەوە لە هەرێمى کوردستان لافاوێکى زۆر دروستبوو، ئەو لافاوە لە دەڤەرى باڵەکایەتى وبرادۆست زیانى و ماددى بەدواى خۆیدا هێنا، کە بریتیبوون لە ڕووخانى حەوت پردوو، تێکچونى ١٠ باخ و شێر ئاو کەوتنى چەندین دوکان و خانووى هاوڵاتیان و چەند ئۆتۆمبێلێک.

شەوى٣١ى تشرینى یەکەم، مەزارى باوە مەحمود، لە شارۆچکەى خانەقینى سەر بە پارێزگاى دیالە تەقێندرایەوە و بە تەواوەتى خاپور بوو، ئەم مەزارە مەزارێکى مێژوویى بوو،  پەیرەوانی ئاینی کاکەیی و شیعە مەزھەبەکان لە بۆنە ئاینیەکان سەردانیان دەکرد.

شەوى ٢٥تشرینى دووەم، بومەرزەیەک بە گوڕی ٥.٦ پلەى ڕێختەر، لە سنوورى ئیدارەى گەرمیانى دا و  بەهۆى کاریگەریی بومەلەرزەکەوە سێ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا، ٥٢ هاوڵاتیش بارى تەندروستیان تێک چوو و گەیەندرانە نەخۆشخانە.

شەوى ٢٨ى تشرینى دووەم، بازاڕى قەیسەرى لە شارى کەرکوک گڕى گرت و بەهۆیەوە سەرجەم بازاڕەکە سوتا، ڕۆژى ٣١ ى تشرینى دووەم، باڵیۆزى تورکیا لە عێراق، سەردانى بازاڕەکەى کرد و ڕایگەیاند، کە ئەو بازاڕە مێژووى باو باپیرانى ئەوانە و نۆژەنى دەکەنەوە، ئەمەش ناڕەزایەتى هاوڵاتیانى کەرکوکى لێکەوتەوە، هەروەها عەبدولستار جەباریی، شارەزاى بوار مێژوو، ئەو وتەیەى باڵیۆزى تورکیاى ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو قەیسەرییە لەلایەن جولەکانى شارى کەرکوک و کوردەکانەوە لە ساڵى ١٨٨٥ دروستکراوە.

د.ع

Leave A Reply