پانۆراماى ڕووداوە کلتورییەکانى باشورى کوردستان

چوؤرشەممە, 26 ديس 2018 – 09:28  ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان

یەکێک لەو کێشانەى کە ببووە جێگاى ناڕەزایى کۆمەڵگا، پەخشکردنى دراما بیانییەکان بوو لە کەناڵە کوردییەکانەوە، بەتایبەت دراما تورکییەکان، هاوڵاتیان پێیان وابوو، کە ئەو درامایانە لەگەڵ کەلتورى کوردیدا ناگونجێن و کاریگەرى نەرێنییان لەسەر منداڵان و گەنجان هەیە، هەروەها دەیانوت، کە دراما تورکییەکان چەندین سوکایەتى تێدایە بە گەلى کورد و گەلانى دیکەى ناوچەکە.

هونەرمەندان و دەرهێنەرانى کوردیش، لەگەڵ ئەوەى هاوڕابوون لەگەڵ ڕای هاوڵاتیاندا، لەسەر کاریگەرى نەرێنى دراما تورکییەکان، داواى ئەوەیان دەکرد، کە پێویستە هاوکاریی دەرهێنەران و هونەرمەندانى ناوخۆ بکرێت بۆ ئەوەى ڕووبەڕووى لێشاوى پەخشکردنى دراما بیانییەکان ببنەوە.

لە پانۆراماى کلتوریدا، باس لە گرنگترین دیدار و فێستیڤاڵە هونەریى و سینەماییەکان دەکەین.

ڕۆژی ١٤ی شوبات، چوارەمین فیستیڤاڵی شانۆیی سەرشەقام، کە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند لە شاری کەرکوک بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین بەرهەمیی شانۆیی نمایشکران و لە کۆتاییشدا بە مەراسیمێک بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و شانۆکاران، کۆتایی بە فێستیڤاڵەکە هات.

ڕۆژی ٢٧ی شوبات لە ڕۆژی شارەزوور-دا، سێیه‌مین فیستیڤاڵی شاره‌زوور به‌ دروشمی “ڕاپه‌ڕین، به‌هار، ژن، نه‌ورۆز، نه‌وای گه‌رووی شاره‌زوورن” دەستیپێکرد و ماوەی چوار ڕۆژی خایاند، تێیدا چەندین چالاکیی، هونەریی، ئەدەبیی، شیعریی و کەلتووریی بەڕێوەچوون.


ڕۆژی ١٠ی ئازار فێستیڤاڵێک بەناونیشانی “پرۆسەی بەکەلتوورکردنی فیلم” لە ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی دەستیپێکرد و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوامبوو، تێیدا دەیان فیلم نمایشکران، لەمیانی فێستیڤاڵەکەشدا چوار فیلمی دەرهێنەری کورد یەڵماز گونای نمایشکرا.

ڕۆژی ٣ی نیسان، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە شارۆچکەی مەخمور-ی سەر بە پارێزگای موسڵ، ١١ هەمین فیستیڤاڵی کلتور و وێژە دەستیپێکرد، کە ساڵانە بەبۆنەی ٤/نیسان ڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە بەڕێوەدەچێت.

فیستیڤاڵەکە لەلایەن دەزگای پەروەردە و فێرکردن و بەبەشداریی خوێندکارانی قۆناغی بنەڕەتیی و ئامادەیی بەڕێوەچوو و ماوەی دووی ڕۆژ بەردەوامبوو، تێیدا چەندین چالاکیی وەرزشیی، هونەریی و ئەدەبیی بەڕێوەچوو.

ڕۆژی ٥ی نیسان ٢١ەمین خولی فێستیڤاڵی گەلاوێژ، کە بەخولی عەفرین دیاریکرا بە دروشمی “بەرەو تێپەڕاندنی چوارچێوە داخراوەکان” لە سلێمانی دەستیپێکرد، کە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند، تێیدا چەندین دیداری شیعریی، چیرۆک و پێشکەشکردنی توێژینەوەی عەرەبی و فارسی و کوردی لەسەر چەند تەوەرێکی جیاواز پێشکەشکران.

ڕۆژی ٨ی ئاب، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، خەڵاتەکانی پێشبڕێکێی وێژەیی شەهید دەنیز فورات دابەشکران، کە لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٨ەوە دەست بە وەرگرتنی بەرهەمەکان کرابوو بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێکە.

ڕۆژی ١٠ی ئەیلول، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، فێستیڤاڵی منداڵان دەستیپێکرد، کە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند و تێیدا چەندین بەرهەمی هونەریی و وەرزشیی و ئەدەبیی پێشکەشکران.

ڕۆژی ١٠ی تشرینى یەکەم، سێیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی دەستیپێکرد، کە ماوەی هەفتەیەک بەردەوامبوو، تێیدا ١٤٠ فیلم لە ٥٢ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردبوو، لە کۆتاییشدا خەڵاتەکانی فێستیڤاڵەکە دابەشکران.

لە فێستیڤالەکەدا، فیلمی ١٤ی تەمموز نمایشکرا، کە لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمیر و لە باکوری کوردستان بەرهەمهێندراوە، فیلمەکە باس لە بەرخۆدانی پێشەنگانی پەکەکە دەکات لە زیندانی ئامەد لە ساڵانی ٨٠کانی سەدەی ڕابردوو، هەروەها لەسەر داواى بینەران، فیلمى ١٤ى تەموز لەدواى فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەى مانگێک، لەسەر شاشەى سینەما سالم لە شارى سلێمانى نمایشکرایەوە و یەکێک بوو لە پڕبینەرترین فیلمەکانى ساڵى ٢٠١٨ و توانى جوڵەیەک بخاتەوە نێو سینەماى کوردى و بینەر بۆ هۆڵەکانى سینەما ڕابکێشێتەوە.

ڕۆژی ٢٠ی تشرینى یەکەمیش شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەستیپێکرد، کە تێیدا ١٠٥ فیلم لە کوردستان و چەندین وڵاتی بیانییەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردبوو و ماوەی هەفتەیەکی خایاندبوو.

ڕۆژی ٢٥ی تشرینى یەکەم ، فێستیڤاڵی گۆرانی و میوزیکی سورنا، لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، کە لەلایەن ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی، بەهاوکاریی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی ڕێکخرابوو، فێستیڤاڵەکە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند و تێیدا ١٣ گروپ لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی سلێمانییەوە بەشدارییانکردبوو، لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەشدا خەڵات بەسەر گروپە بەشداربووەکاندا دابەشکرا.

ڕۆژی ٢٨ی تشرینى یەکەم، یه‌که‌مین دیداری هونه‌ریی و ئاشتیی بۆ سینه‌ما و شانۆ و شێوه‌کاریی له‌ شارۆچکەی کفری دەستیپێکرد، کە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند و تێیدا چەندین چالاکیی هونەریی و نمایشکردنی فیلم و شانۆ بەڕێوەچوو.

ڕۆژی ١٩ی تشرینى دووەم، تەلەفزیۆنی زارۆک تی ڤی، کە کەناڵێکی کوردی منداڵانە، بە زاراوەی سۆرانیی دەستی بە پەخش کرد.

ڕۆژی ٢٢ی تشرینى دووەم، دیداری هونەریی گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەستیپێکرد و ماوەی سێ ڕۆژی خایاند، بەدرێژایی سێ ڕۆژەکەش چەندین فیلم و کورتە فیلم و شانۆ نمایشکران و چەند پانێڵێکیش پێشکەشکران.

ڕۆژی ١ی کانونى یەکەم ، فیلمی سینەمایی ۱٤ی تەمموز، کە باس لە بەرخۆدانی پێشەنگەکانی پەکەکە دەکات لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان، لە شاری سلێمانی بۆ یەکەمینجار بە ژێرنووسی کوردیی نمایشکرا و لەسەر داوای خەڵک ماوەی سێ هەفتە نمایشکرا، فیلمەکە جوڵەی خستە ناو سینەماوە و هەزاران کەس بۆ تەماشاکردنی ئەو فیلمە ڕوویان لە سینەما سالمی شاری سلێمانی کرد.

ڕۆژی ٧ی کانونى یەکەم، ڕەحیم زەبیحی، دەرهێنەری بەناوبانگی کورد لەگەڵ برایەکیدا بەناوی کەیوان، لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستدا.

ڕۆژی ٨ی کانونى یەکەم، پڕۆفیسۆر و نووسەر و لێکۆڵەری کورد دکتۆر جەمال نەبەز، بەهۆی نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا لە تەمەنی ٨٥ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ڕۆژی ١٦ی کانونى یەکەم، نووسەر و رۆژنامەنووسی باشوری کوردستان، مستەفا ساڵح کەریم لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

 

ک.ک
 

Leave A Reply