حکومەت و پەرلەمانی عێراق هەنگاوی کردەیی دژ بە کۆمپانیاکانی پەیوەندی هەڵدەگرن

لە پەرلەمانی عێراقەوە داوای لێپێچینەوە لە کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت و پەیوەندیکردندا دەکرێت، پەرلەمانتارێکیش داوا لە کازمی دەکات گرێبەستی کۆمپانیاکان نوێ بکاتەوە و ڕێگری بکات لە پاوانکاری بواری پەیوەندیکردن.

هەریەک لە لیژنەی پەیوەندییەکان و دەستپاکی و دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای راگرتنی مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیاکانی مۆبایل دەکەن تا ئەوکاتەی قەرزە کەڵەکە بووەکانیان دەدەنە حکومەت.

لەو چوارچێوەیەدا لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق قەبارەی قەرزی کۆمپانیاکانی بواری مۆبایلی ئاشكرا کردووە کە تا ئێستا ڕادەستی حکومەتیان نەکردووە.

نوعەیم عەبودی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، قەبارەی ئەو قەرزەی کە ماوەی ١٠ ساڵە لەسەر کۆمپانیای ئاسیاسێل کەڵەکە بووە، ٣٧١ ملیار دینار و کۆڕەک ٣٧٥ ملیۆن دۆلار و زەین ١٦٢ ملیار دینارە.

هاوکات لیژنەی دارایی پەرلەمان لەبارەی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی مۆبایلەوە بە نوسراوێک داوا لە ئەنجومەنی وەزیران دەکات مۆڵەتی کۆمپانیاکان نوێ بکاتەوە لەگەڵ وەرگرتنەوەی قەرزەکان کە لەسەریان کەڵەکە بووە و بخرێتە خزمەتی گشتییەوە، بەتایبەت کە ئێستا وڵات بە قەیرانێکی سەخت تێدەپەڕێت.

لیژنەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پەرلەمانیش لەوبارەیەوە دەڵێت، لە دۆخێکدا کە وڵات بە قەیرانێکی دارایی سەخت تێدەپەڕێت، پێویستە لەسەر حکومەت تەواوی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی مۆبایل هەڵوەشێنێتەوە و گرێبەستە نوێیەکانیان بۆ ڕایگشتی ئاشکرا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا چاوپۆشییان لێ نەکات و ھەموو ئەو پارانەی لایانە، بە سزاو غەرامە و فایدەی دواکەوتنیشەوە بژمێرن، ئەگەر نا نابێت گرێبەستەکانیان نوێ بکرێنەوە.

هاوکات سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان ئاشكرایکردووە، سکاڵای یاسایی دژی ئەو کۆمپانیایانەی مۆبایل تۆمار کردووە بۆ ئەوەی گرێبەستەکانیان نوێ نەکرێنەوە تا ئەوکاتەی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بە حکومەت دەدەن.

لای خۆیەوە ڕابون مەعروف لە لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمان داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، بە بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردندا بچێتەوە و پێش نوێکردنەوەی گرێبەستەکان، حکومەت ڕێگری بکات لە پاوانکاری بواری پەیوەندیکردن بۆ چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو.

دەشڵێت، سەرەڕای تێچووی گران و زۆر، کوالێتی و ئاستی خزمەتگوزاری کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن لە عێراق کۆن و خراپە و پێویستە نرخی بەکارھێنان کەمبکرێتەوە و کوالێتی خزمەتگوزاریش پێش بخرێت بۆ ئاستی وڵاتانی دراوسێ.

“هەروەها حکومەت کۆمپانیاکانی (ئاسیا و کۆڕەك و زەین) ناچار بکات تەواوی ئەو قەرزەی لەسەریان کەڵەكە بووە بیگێڕنەوە بۆ حکومەت”.

حکومەتەکەی مستەفا کازمی لە رۆژی ٧ی ئەم مانگە بڕیاریدا بەو مەرجەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی گەیاندی وەک کۆڕەک و ئاسیا و زەین نوێ دەکەتاوە، کە ٥٠%ی ئەو قەرز و شایستە داراییانەی لەسەریانە بیگەڕێننەوە بۆ حکومەت.

س.ح

Comments are closed.