پانۆرامای ٢٠١٨ی گەنجانی باشور

پێنجشەممە, 27 ديس 2018 – 07:36  ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

لە ساڵی ٢٠١٨-دا گەنجانی باشوری کوردستان بەهێزێکی مەزن و ڕۆحی سەفەربەریی لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک سەریانهەڵدا، ئەو گەنجانەی کە ڕێپێوانی مەودادرێژیان بەرەو عەفرین دەستپێکرد، لە دژی داگیرکاریی سەر باشور سێ مانگ لە قەندیل چالاکیی قەڵغانی زیندوویان بەڕێوەبرد.

لە دژی داگیرکاریی سەر عەفرین، گەنجان پێشەنگایەتیی خۆپیشاندانەکانیان کرد

لەبەرامبەر هێرشی داگیرکاریی، کە دەوڵەتی تورک لەسەر عەفرین پێکیهێنا، لە باشوری کوردستان گەنجان توێژی هەرە چالاک بوون.

دوای ئەوەی لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک بانگەوازیی بەشداربوونی ‘بەرخۆدانی سەردەم’ کرا، لە باشوری کوردستان بە دەیان هەزار کەس ڕژانە مەیدانەکان و لە تەواوی ناوچەکانی باشور خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لە هەندیک شوێن پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق دەیویست ڕێگایان لێبگرێت، بەڵام هاوڵاتیان بەربەستەکانیان تێکشکاند و خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا.

٦٠ گەنج بەشداری سەفەربەریی بوون

گەنجان لەسەر بانگەوازیی بۆ سەفەربەربوون، ڕوویان لە عەفرین کرد لەو کاتەدا ٦٠ گەنجی باشور بەشداریی هەڵمەتی بەرخۆدانی سەردەمی عەفرینیان کرد.

لە ٢٥ی کانوونی دووەم گەنجێک بەناوی باشور سۆران لە بەرخۆدانی سەردەمی عەفرین-دا شەهید بوو.

گەنجان، هەروەها لەدژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر باشور ناڕەزاییان نیشاندا و ژمارەیەکی زۆر گەنج بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بوون.

لە باشوری کوردستان هەڵمەتی هاوکاریی عەفرین، کە بە پێشەنگایەتیی کەنەکە دەستیپێکردبوو، پارتی سیاسیی، ئەکادیمسیەن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و ڕێکخراوی ژنان هەڵوێستیان نیشاندا، بەڵام هەڵوێستی هەرە مەزن لەلایەن گەنجانەوە نیشاندرا لەو چوارچێوەیەدا بەسەدان گەنج چوونە ڕۆژئاوا و عەفرین.

پ.د.ک ڕێپێوانی گەنجانی ئاستەنگ کرد

لە چوارچێوەی سەفەربەریی بۆ عەفرین، بە دەیان گەنجی باشوری کوردستان لە لە شاری سلێمانی-یەوە لە ٣١/کانوونی دووەم بەرەو عەفرین دەستیان بە ڕێپێوان کرد، ڕێپێوانەکە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێدەکرا، ڕۆژی ٢/شوبات لە بازگەی دێگەڵە لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراقەوە ڕێگریی لەو گەنجانە کرا، کە بچنە ناو هەولێرەوە، لە بەرامبەردا گەنجان هەڵوێستیان نیشاندا و لە بازگەکە مانەوە، بەڵام ئاسایش بە گولـلە و بەرد هێرشی کردە سەریان و لە ئەنجامدا ١٠ گەنج برینداربوون و مۆبایل و جزدان و پێداویستییەکانیشیان دەستی بەسەرداگیرا.

گەنجانی شەنگال چوونە عەفرین

لە شەنگال-یش بۆ هەمان مەبەست لە ٤/شوبات بە سەدان گەنج چوونە ڕۆژئاوا و  دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک، بەشداری بەرخۆدانی سەردەم بوون.

کۆنفرانسی گەنجان

لە ٢٥/ئایار لە شاری سلێمانی کۆنفرانسی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دروشمی ‘لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی گەنجان و ڕێگەی چارەسەریی دیموکراتیی’و بە بەشداریی ٣٠٠ گەنج ئەنجامدرا، لە چوارپارچەی کوردستان، عێراق، سوریا، تورکیا، ئێران و چەندین وڵاتی دیکە ڕێکخراوەکانی گەنجان بەشدارییان کرد.

لە قەندیل چالاکیی قەڵغانی زیندوو

لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لەسەر باشوری کوردستان گەنجان جارێکی دیکە ڕابوونە سەر پێ، یەکێک لە چالاکییە هەرە گرنگەکانیان قەڵغانی زیندوو بوو، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە ٨ی حوزەیران دژی هەڕەشەی داگیرکاریی قەندیل لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە چادریان هەڵدا و بڕیاریاندا گیانی خۆیان بکەنە قەڵغان بۆ قەندیل و باشوری کوردستان و لەڕووی دووژمندا بووەستن، گەنجان ماوەی سێ مانگ لەژێر فڕۆکەی سیخوڕیی و بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان، چالاکییەکەیان بەردەوامیی پێدا.   

لەناو ئەو سێ مانگەدا هاوڵاتیانی ناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستان، شاندی لایەنە سیاسییەکان، گەنجان، ڕێکخراوەکان سەردانی چالاکانیان کرد، هەروەها گەنجانی هەر چوارپارچەی کوردستان و گەنجانی ئینتەرناسیۆناڵ بەشداری چالاکییەکە بوون.

هەروەها لە ٢٢ی حوزەیران بە هەزاران کەس لە قەندیل ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا و گەنجان پێشەنگایەتیی ئەو چالاکییەشیان کرد.

گەنجان لەو سێ مانگەدا، ڕۆژانە پێشوازییان لە شاندەکان دەکرد و ئەرک و  ئامانجی خۆیان بۆ ڕوون دەکردنەوە، هەروەها سەردانی گوندەکانیان دەکرد، لەسەر مێژووی کوردستان و هێرشەکانی سەر کوردستان پەروەردەیان دەبینی.

لە ٩ی تشرینی دووەم بە دروشمی ‘بە تێکۆشانی ژنانی گەنج داگیرکەریی لەناو دەبین’ و بە بەشداریی ٢٠٠ گەنج، دووەمین کۆنفرانسى ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

چالاکییەکانی دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان

گەنجان لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان چالاکیی جۆربەجۆریان ئەنجامدا، لە هەولێر و سلێمانی بەشداری چالاکیی مانگرتن لە خورادن بوون.

لە ٢٢ی کانوونی یەکەم، بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، بە پێشەنگایەتیی گەنجان لە سلێمانی ئامادەکاریی بۆ خۆپیشاندانێک کرا، بەڵام هێزەکانی ئاسایش ڕێگرییان لێکردن و ٩٧ کەسیان دەستەبەسەر کرد، دەستەبسەرکراوان دوای دوو ڕۆژ ئازادکران.

بەهۆی بێ بەرنامەیی حکومەتەوە، گەنجان کۆچبەر دەبن

لە لایەکی دیکەوە گەنجان بەهۆی چەندین کێشەی وەک بێکاریی و هەژارییەوە ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، بە گوێرەی ئاماری فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراق، هەتا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٨، ٦٤ هەزار و پێنج کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆچبەر بوون و لە ٤٣ وڵاتی جیاواز داوای مافی پەنابەرییان کردووە، بەڵام ڕێژەی کۆچبەریی گەنجانی ڕانەگەیاندووە.

هەر لە ٢٠١٨-دا ٥٩ کەس لەڕێگای کۆچبەرییدا گیانیان لەدەستداوە و تەرمەکانیان گەڕێندراونەتەوە باسوری کوردستان، هەروەها ٣٤ کەس بێسەروشوێنن، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە دهۆک و زاخۆ ١٩ کەس، کە دەیانویست بچنە ئەوروپا لە دەریای ئیجەدا خنکان، تەرمی چوار کەسیان گەڕێندرایەوە و ١٥ کەسەکەی دیکە تەرمەکانیان نەدۆزرایەوە.

گەنجێکیش بەناوی دانەر فاتیح لە ٥/تشرینی دووەم، لە شاری کۆمۆنیزیای یۆنان ئۆمبێلێک لێیدا و گیانی لەدەستدا، لە بەرواری ١١/تشرینی دووەم تەرمی دانەر گەڕێندرایەوە بۆ باشوری کوردستان و لە شارۆچکەی دەربەندیخان بەخاک سپێردرا، هەر لە ٢٠١٨دا، دوو ژنی گەنجی دەربەندیخان لە دەریای ئیجەدا خناکن و تەرمەکانیان گەڕێندرایەوە باشوری کوردستان.

ش.ف

Leave A Reply