تورکیا بەدوای سەعدئابادێکی دیکەوەیە

یەكشەممە, 8 يول 2018 – 10:22  ڕۆژنیوز – ئاوات پووری

ڕۆژی ٨ی تەموزی ساڵی ١٩٣٧ وەزیرانی دەرەوەی هەرچوار وڵاتی ئێران، تورکیا، ئەفغانستان و عێراق، لە کۆشکی سەعدئابادی باکوری تارانی پایتەخت، کۆبوونەوە و پەیمانێکیان بەناوی پەیمانی سەعدئاباد واژۆکرد.

عنایەتوڵا سەمیعی، وەزیری دەرەوەی ئێران، تەوفیق ڕوشدی ئاراس، وەزیری دەرەوەی تورکیا، فەیز محەمەدخان، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و ناجی ئەسیل، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبوون، پەیمانێکیان واژۆکرد کە لە ١٠ بەند پێکهاتبوو.

(هەرچوار وەزیرانی دەرەوەی ئێران، تورکیا، عێراق و ئەفغانستان)

بەپێی بەندی دووی ئەو پەیمانە وڵاتانی واژۆکەر پابەندن بەوەی ئاسایشی سنوورەکانی یەکتر بپارێزن.

بەندی حەوتەمی پەیمانی سەعد ئاباد باس لەوە دەکات، کە هەر کامە لەو چوار وڵاتە پابەند دەبن بەوەی ڕێگری بکەن لە پێکهاتنی هەر جۆرە جووڵانەووەیەکی مەترسیدار بۆسەر ئاسایشی وڵاتی دراوسێ.

لەو دوو بەندەدا هەرچەند بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناوی جووڵانەوە کوردییەکان نەهێندراوە، بەڵام بەو پێیەی سنوورەکانی سێ وڵاتی ئێران و عێراق و تورکیا دەکەوێتە خاکی کوردستانەوە و لەسەر ئەو سنوورانەش تەنیا بزووتنەوە و جووڵانەوەی گەلی کورد هەیە، دەتوانین بڵێین، کە ئەو بەندە بەتەواوی لەدژی هەموو جۆرە جووڵانەوەیەکی گەلی کورد نووسراوە.

بەبڕوای مێژووناسان، ئەو پەیمانە بە هاندانی بەریتانیا بۆ پێکهێنانی دیوارێکی بەرگریی لەدژی دزەکردنی سۆڤییەت بۆ خاکی هیندستان و سەرچاوە نەوتییەکانی کەنداوی عەرەبی نووسرا، بۆ نموونە عەبدولڕەزا هوشەنگ مەهدەوی لە کتێبی “سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە سەردەمی پەهلەوەیدا” دەنووسێت: ئەو کۆبوونەوەیە بە پلانی دەوڵەتی بەریتانیا ئەنجامدرا، بەریتانیا هەموو هەوڵێکی دا کە دیوارێکی بەرگریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبکات، بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە دزەکردنی سۆڤییەت بەرەو هیندستان و کەنداوی عەرەبی لە باشوری ئێران، بۆ ئەوەش لە ماوەی چەند ساڵدا هەوڵیدا کە ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەبکەن و وابکەن، کە لەسەر چەند خاڵێک ڕێکبکەون.

مەهدەوی باس لە ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتانە ناکات، بەڵام ڕێککەوتن لەسەر پرسی کورد یەکەم پرسی هاوبەشی نێوان ئەو سێ وڵاتە بوو، کە بە ڕاستەوخۆ لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێکرا و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش لە پەیمانەکەدا نووسرا.

حەبیبوڵا موختاری لە کتێبی “مێژووی بێداریی ئێران” دا دەنووسێت: بەپێی ئەو پەیمانە، ناکۆکییە سنوورییەکانی نێوان ئێران و تورکیا چارەسەربوون، دەوڵەتی ئێران بەشێک لە خاکی ئاراراتی دایە تورکیا و ئەوانیش لە بەرامبەردا بەشێکی بەفراوانی کوردستانیان دایە ئێران.

هەندێک سەرچاوی دیکە باس لەوە دەکەن، کە پاش ئەوەی ئیتالیا حەبەشەی داگیرکرد، دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناویاندا ئێران، تورکیا، عێراق و ئەفغانستان کەوتنە جوموجۆڵ بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی سیاسیی-سەربازیی پێکبێنن، تا بتوانن لەبەرامبەر هەرجۆرە هێرشێکی هاوشێوەی هێرشی ئیتالیا بۆ سەر حەبەشە خۆیان بپارێزن.

مەرجی سەرەکی بۆ پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە لەنێوان چوار وڵاتی ناوبراودا، ڕێککەوتن لەسەر پرسی کورد و دابەشکردنی خاکی کوردستانە، واتە بە کۆکبوون لەسەر نکۆڵیکردن لە هەبوونی مافی کورد، بەرەیەکی هاوبەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکهات.

لەلایەکی دیکەوە، لە ساڵانی پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، سەرهەڵدانی شێخ ئەحمەدی بارزانی لەدژی دەوڵەتی ناوەندی عێراق پەرەی سەندبوو، لە سەرەتای سییەکاندا بۆ ماوەی سێ ساڵ چەندین هێرشی کەمرشکێن کرایە سەر سوپای بەریتانیا لە عێراق، سەرئەنجام ساڵی ١٩٣٣ حکومەتی تورک شێخ ئەحمەدی بارزانیی ڕادەستی حکومەتی عێراق کردەوە، هاوکات ئیسماعیل ئاغای سمکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ١٩٢٠ ەوە بۆ ١٩٣٠ بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لەدژی دەوڵەتی پەهلەویی ئێران شەڕی کرد، لەپاش شەهیدبوونیشیدا ناڕەزاییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی حکومەتی پەهلەوی بەردەوامییان هەبوو، لە باکوری کوردستانیش هاوکاتی واژۆکردنی پەیمانی سەعدئاباد، سەرهەڵدانی دەرسیم لە ئارادابوو، ئەو سەرهەڵدانەش تا ١٩٣٨ بەردەوامی پێدرا و سەرئەنجام بە کۆمەڵکوژیی دەوڵتی تورک لە دەرسیم کۆتایی پێهات.

ئەو ڕووداوانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە ئەو ناکۆکییە سنوورییانەی وڵاتانی عێراق، ئێران و تورکیا لەسەری ڕێککەوتن، پرسی کوردستان و سەرهەڵدانەکانی گەلی کورد لەو ناوچانەدابوو.

بەپێی پەیمانی سەعدئاباد، هەرسێ دەوڵەتی ئێران، تورکیا و عێراق لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کە ئەگەر پارچەیەکی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی دەستی بە تێکۆشان کرد، هەر سێ وڵاتاکە لەدژیان یەک بگرن، ئەو پەیمانە تا ساڵی ١٩٧٩، کە حکومەتی پەهلەوی ڕووخا بەبێ هێچ کێشەیەک لەسەر شوێنی خۆی مایەوە.

لە ٨١ ەمین ساڵی واژۆکردنی پەیمانی سەعدئاباد دا، وڵاتانی ئێران، تورکیا و عێراق هێشتا پابەندن بە ڕێککەوتنەکەیان، سێ نموونەی هەرە گەورە ئەو هاوپەیمانییە بۆ دژایەتیی گەلی کورد لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨دا ڕوویدا، دژایەتیی سێقۆڵی ئەو سێ وڵاتە لەدژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، داگیرکردنی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی عەفرین سێ لەو نموونانەن کە ئەو وڵاتانەی لە دەوری یەکتر کۆکردەوە.

لە ئێستاشدا پرسی داگیرکارییەکانی سەر قەندیل، کە سێکوچکەی سنووریی ئێران، عێراق و تورکیایە، جارێکی دیکە پەیمانی سەعدائابادی زیندوو کردووەتەوە و سێ وڵاتەکەی لەدژی کورد کردووە بە هاوپەیمان.

ب.ل

Leave A Reply