شەنگال، لە گوندی بۆرک بانگەوازی کرا بۆ پاککردنەوەی گوندەکە

پێنجشەممە, 25 ماي 2017 – 10:27 

ڕۆژنیوز – شەنگال

بەشی خزمەتگوزاری ئەنجومەنی گوندی بۆرک لە شەنگال، سەرەڕای هەموو جۆە بایکۆت و گەمارۆکانی سەریان، چالاکن لە بەڕێوەبردنی شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری، لەو چوارچێوەیەدا بانگەوازی سەفەربەری کرا بۆ پاککردنەوەی گوندی بۆرکی سەربە شەنگال.

ئەنجومەنی گەلی گوندی بۆرک بە مەبەستی گرنگیدان بە ژینگە و تەندروستی هاوڵاتیان، بانگەوازی سەفەربەری کرد بۆ پاککردنەوەی گوندەکە.

حەیدەر ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی گوندی بۆرک لەو بارەیەوە، بە ڕۆژنیوزی وت:”ئێمە وەکو ئەنجومەنی گەل هەموو ڕۆژێکی هەفتە جگە لە ڕۆژی چوارشەممە سەرقاڵی کاروباری خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانین، لەم چوارچێوەیەشدا بانگەوازی سەفەربەریمان کردووە بۆ پاککردنەوە و خاوێن ڕاگرتنی گوندەکە، چونکە پاکبوونی ژینگە دەبێتە هۆی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان”.

ئەمین یوسف، ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەکەش وەها بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد:”ئێمە لە سەرەتاوە بە دروستکردن و چاککردنەوەی شەقامەکان و کۆڵانەکان خزمەتی خەڵکمان کردووە، ئێستا کاری پاککردنەوەی ژینگەی گوندەکەمان دەستپێکردووە، هیچ شتێک نابێتە رێگر لە ئەنجامدانی ئەرکەکانمان بۆ خزمەتکردن بە خەڵک و بەردەوام دەبین لە کارەکانماندا”.

هاوڵاتییەکی گوندی بۆریک بەناوی خەلەف حەسەن-یش بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:”یەکەم جارە کە هەموو هاوڵاتیان دەستیان داوەتە دەستی یەکدی بۆ پاککردنەوەی گوندەکە، پێمانوایە ئەمە کاریگەری زۆر ئەرێنی دەبێت لە پاککردنەوەی ژینگەی گوندەکەدا”.

س.ح

Leave A Reply