یەكشەممە, 4 يون 2017 – 10:39
ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان بەرێوەدەچێت و مانۆڕی فڕۆکەوانی ئاگرکوژێنەوەش ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ، لوقمان شێروانی، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە-ی حکومەتی هەریمی کوردستان لێدوانێکی نووسراوی سەبارەت بە چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانی ژینگە بڵاوکردەوە.
لە لێدوانەکەدا، کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە هاتووە:”لە ڕۆژی جیھانی ژینگە (٥/حوزەیران) بڕیارە چەندین چالاکی ساز بکرێن بە ھاوکاری وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ھەرێم، وەکو مانۆڕی فڕۆکەوانی ئاگر کوژینەوە، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دابین کراوە بۆ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ئۆتۆمبێلەکان بۆ ماوەی دوو خولەک ڕادەگیرین لە سەرتاسەری هەرێم و خەڵاتی چەند کەسایەتیەکانی ژینگە دەکرێت”.
شێروانی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە فەرمانگەی ژینگەی شارەکانی هەرێم ھەر بەم بۆنەیەوە چەندین چالاکی و وۆرکشۆپ ساز دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییەکان لە ناوچەکانیان و دواتر ھەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی ریشەیی ئەو گرفتە.
ئەوەش هاتووە:”ھەر بەھەمان بۆنەوە دیداری ژینگەییمان لەگەڵ کونسوڵخانەکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا ھەیە بۆ چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و ھاوکاری وڵاتانی پێشکەوتوو، کە لە پرسی ژینگە بۆ ھەرێمی کوردستان دەست بێنین”.
لە ٥/حوزەیران-ی ساڵی ١٩٧٢ نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەی ستۆکهۆڵم-ی تایبەت بە ژینگە بڕیاریدا ٥/حوزەیران بکرێت بە ڕۆژی جیهانی ژینگە و هەر لەو ڕۆژەشدا (بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە) (UNEP) دامەزرا.
هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا چەندین چالاکی ژینگەیی جۆراوجۆر لە جیهاندا ئەنجام دەدرێن.
ش.ف