خانەنشینانى هەولێر داوا دەکەن مووچەکانیان هاوتای عێراق بکرێت

هەولێر

خانەنیشیانی شارستانی هەرێم دوای خانەنیشنبوونیان ناڕازین و دەڵێن: بارودۆخی ژیانمان زۆر خراپە و مووچەکانمان بەشی بژێوی ژیانمان ناکات، لەکاتێکدا ئێمە چەندین ساڵە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت خزمەتمان کردووە و داواکارین مووچەکانمان هاوتای عێراق بکرێت.

لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا کار بە یاسای ژمارەی(٢٧) ى ساڵی ٢٠٠٦دەکرێت، کە ئەم یاسایە لە تەواوی عێراقدا هەڵوەشاوەتەوە و خانەنشینان داوا دەکەن حکومەتی هەرێم کار بە یاسای ژمارە(٩)ی ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی عیراق بکات، کە مووچەی خانەنشیان نابێت لە ٦٠٠هەزار کەمتر بێت، لەکاتێکدا مووچەی مانگانەى ئێمە ٢٢٠ هەزار دینارە.

مەغدید حاجی

لەو بارەیەوە مەغدید حاجی، کە خانەنشینە و زیاتر لە ٣٥ ساڵ خزمەتی کردووە: دوای چەندین ساڵ لە خزمەتکردن وەکو مامۆستایەک، بارودۆخی ژیانمان زۆر خراپە مووچەکانمان بەشی بژێوی ژیانمان ناکات.

ئاماژەى بەوەشکرد، دوای خانەنشینبوونمان چاوەرێبووین بە ژیانێکی شایستە و مووچە و ئیمتیازیکی باش پاداشت بکرێین، بەڵام حکومەت هیچ ئاورێک لە ژیانی خانەنشینان ناداتەوە.

ئەو خانەنشینە وتى، ڕەوشی ژیانی خانەنشیان زۆر خراپە، کەمترین ماف بە خانەنشینان دراوە، بەجۆرێک خانەنشینان بە بڕێکی زۆر کەم، کە ١٥٠هەزار تاوەکو ٢٥٠هەزار دینارە خانەنشین دەکرێن.

مەغدید حاجی باسیلەوەشکرد: ئەو موچەى دەدرێت بە خانەنشینان بەشى بژێوى ژیانیان ناکات هەربۆیە داوکارم لە هەرێم کار بە یاسای ژمارە٩ی ساڵی ٢٠١٤ی حکومەتی عێراق، کە تێیدا موچەى خانەنشینان لە ٦٠٠ هەزارى مانگانە کەمتر نابێت.

خانەنشینانی هەرێم لەماوەکانی ڕابردوودا واژۆی زیاتر لە ١٤هەزار خانەنشینانی شارستانیان لە هەرێم کرکردەوە، کە تێیدا داوایانکرد، کار بە یاسای ژمارەی ٩ی ساڵی ٢٠١٤ی عێراق بکرێت، کە تێیدا هاتووە، نابێت مووچەى مانگانەى خانەنشینان لە ٦٠٠ هەزار کەمتر بێت، لەکاتێکدا موچەى مانگانەى خانەنشینانى هەرێم ٢٢٠ هەزار دینارە.

شوکریە حەمەد ئەمین

شوکریە حەمەد ئەمین، یەکێکى دیکەیە لە خانەنشینەکانی هەرێم و دەڵێت، مووچەی خانشینیەکەم ٢٠٠هەزار دینارە، بەشی بژێوی ژیانمان ناکات، لە کاتێکدا دەبوو حکومەت بە باشترین شێوە خزمەتی چینی خانەنشینانى بکردایە، بەڵام لە ئێستادا چینی خانەنشینان چینیکی فەرامۆشکراون لەلایەن حکومەتی هەرێمى کوردستانەوە.

وتیشى، داواکارم حکومەتی هەرێم چاوێک بە دۆخ و گوزەرانی ژیانی خانەنشیناندا بخشێنیتەوە و کار بە یاسای ژمارەی٩ی ساڵی ٢٠١٤ی حکومەتی عێراق بکات، چونکە لە بەرژوەندی خانەنشینانی هەرێمە.

ئ.م

Comments are closed.