٤١ساڵ پێش ئەمڕۆ فەلسەفەی “بەرخۆدان ژیانە” لەدایک بوو

ناوەندی هەواڵەکان

لە ١٤ـی تەمووزی ١٩٨٢، لاوانی ئاپۆیی لە کورد و لاز و تورک، لەبەرامبەر فاشیزمی دەوڵەتی تورک و کودەتا سەربازییە دڕاندانەکەی ١٢ـی ئەیلول، لە ناو زیندانی ئامەدەوە بە ڕۆحی خۆیان فەلسەفەی ” بەرخۆدان ژیانە”ـیان نووسییەوە و ئەم دروشمەیان کرد بە بەرۆکی شۆڕشێکی نوێ و پێشکەوتووی ئازادییخوازانە.

“بەرخۆدان ژیانە” ئەمە سەرەتای دەستپێکردنی چیرۆكێکی ڕاستەقینە و دووبارەنەبووە، کە پاڵەوانەکانی لاوانی ئاپۆیی بوون، تێیدا لە ناو دڵی فاشیزم و زیندانی ئامەدەوە، ئیرادەی ئازادییخوازانیان بەسەر تاریکی فاشیزمدا سەرخست، ئەمڕۆش بووە بە فەلسەفەیەک لە کوردستان.

لە ١٢ـی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠ ژەنەڕاڵە فاشیستەکانی دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتی کەنان ئەفرەن، کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا و دەستیانگرت بەسەر دەسەڵاتدا، لە ڕێگای ئەو کودەتایەوە ڕژێمی فاشی ١٢ـی ئەیلول، ڕەشبگیرییان دەستپێکرد و زیندانەکانیان پڕکرد لە کەسانی، شۆڕشگێڕ، ئازادیخواز و دیموکراسیخواز.

تاکە هەناسەیەک کە مابێت، کوانووی ئامادە و دانەگیرساوی پەکەکە بوو بە فکری ڕێبەر ئۆجالان، کە لە ٢١ـی ئاداری ١٩٨٢ مەزڵوم دۆغان بە دانە شقارتەیەک دایگیرساند و وتی: “بەرخۆدان ژیانە..تەسلیمبوون مردنە” دواتر گیانی خۆی کردە قوربانی ئەو فەلسەفەیە.

لێرەوە لاوانی ئاپۆیی، ٤١ساڵ لەمەوبەر لە ناو زیندانی ئامەدەوە ئەم فەلسەفەیان ئافراند، لە دوای مەزڵوم دۆغانیش چوار هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی (فەرهات قورتای، ئەشرەف ئانیک، مەحمود زەنگین و نەجیم ئونەر) چالاکی فیدایی ئەنجام دەدەن.

دوابەدوای ئەم زنجیرە چالاکییە گیانبازییە، کادیران و پێشەنگانی پەکەکە بیر لە ئەنجامدانی چالاکییەکی فراوان و کاریگەر دەکەنەوە، کە زۆرترین هاوڕێیان بتوانێت بەشداری تێدا بکات، لەم ڕوانگەیەشەوە ڕۆژی ١٤ـی تەمووزی ١٩٨٢ لە دانیشتنی دادگادا، دژی ئەشکەنجە و سەپاندن و ستەمی ناو زیندان، بڕیاری مانگرتن تا مردن دەدەن.

کەمال پیر لە دوای ٥٥ ڕۆژ لە مانگرتن لە خواردن شەهید دەبێت، بەهەمان شێوە محەمەد خەیری دورموش دوای ٥٨ ڕۆژ و عاکیف یەڵماز دوای ٦٦ڕۆژ و عەلی چیچەک دوای ٦٧ ڕۆژ لە چالاکی مانگرتندا شەهید دەبن، هەروەها لەو بەرخۆدانییەدا چەندین کادیر و پێشەنگی دیکەی پەکەکە بەشداری دەکەن، لەوانە شەهید ساکینە جانسز و مستەفا قەرەسوو.

بەڵام سەرئەنجام ئیرادەی ١٤ـی تەمووز، تانووپۆی فاشیزم کەرت و پەرت دەکات و بەرخۆدان سەردەکەوێت، ئەم بەرخۆدانە مەزنە دەبێتە هەوێنی سەرهەڵدانی خەباتی چەکداریی پەکەکە و لە ١٥ـی ئابی ١٩٨٤ یەکەم فیشەک بە ڕووی دەوڵەتی داگیرکەردا دەتەقێنن، کەی پێیوابوو “کورد مردووە و لە گۆڕنراوە.”

هەروەها بەرخۆدانی ١٤ـی تەمووز دەبێتە داستان و چیرۆک، دەچێتە ناو فیلم، گۆرانییەکان و وەک قارەمانێتییەکی بێوێنە دەکەوێتە سەر زاری هەموو کوردێک، ئەو ڕۆحە نەسڵۆک و نەبەزیوەی لە ناو زیندانی ئامەد ئافرێنرا، ئەمڕۆ ملیۆنان مرۆڤی ئازادییخواز، لە کوردستان و جیهان خاوەندارێتی لێدەکەن و بووە بە هەوێنی شەڕی ئازادیی لە دژی فاشیزم و داگیرکاریی.

ب.گ

Comments are closed.