کۆمەڵکوژیی کورتەک برینێکی قووڵ بە چەقۆی خیانەت

قەندیل

١٢ ساڵ لەمەوبەر، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە لۆفەکانی شاخی کورتەکی بناری قەندیل، ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتییانی مەدەنییان کردە ئامانج  و بە هۆیەوە حەوت ئەندامی یەک خێزان شەهید بوون، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێم جگە لە بێدەنگیی تەنانەت هۆکاری مردنەکەشیانی گۆڕی بۆ “کارەساتی سرووشتی.”

لە ٢١ـی ئابی ٢٠١١، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک لە لۆفەکانی شاخی کورتەکی بناری قەندیل، کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی هاوڵاتی مەدەنییان کرد و بە هۆیەوە حەوت ئەندامی یەک خێزان شەهیدبوون، کە منداڵی ساوایان لەناودا بوو.

لە پاش ١٢ ساڵ لەو کۆمەڵکوژییە دڕندانە، هێشتا حکومەتی هەرێم بچووکترین هەڵوێستی لە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەریی تورک نیشان نەداوە، ئەمەش زەمینەی خۆش کرد بۆ دووبارەبوونەوەی چەندین کۆمەڵکوژیی دیکە، تەنانەت لە بەڵگەنامەی مردنیشیان نووسراوە ” بە کارەساتی سرووشتیی” گیانیان لەدەستداوە، سەبارەت بەو هێرشە و بەردەوامی بۆردومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، کەسوکاری شەهیدانی کۆمەڵکوژیی کورتەک بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

یەعقوب مستەفا
یەعقوب مستەفا

یەعقوب مستەفا کەسوکاری شەهیدانی کورتەک بە ڕۆژنیوزی وت: بڕیار بوو براکەم بچێت منداڵەکانی بهیێنێتەوە لە بناری قەندیل، پرسەیەک هەبوو لە ڕانیە بچێتە ئەوێ، زۆر قسەم لەگەڵ کرد و قەناعەتم پێی کرد کە نەچێت، بەڵام دواتر چوو بوو بۆ تەماتە چنین و لە کاتی گەڕانەوەیاندا لە کورتەک، فڕۆکە چەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەریی تورکی بۆردوومانی ئۆتۆمبێلەکەی کردبوون و لە ئەنجامدا حەوت کەسمان شەهید بوون، برا، براژنم، برازام و خوشکەزام لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و شەهید بوون.

وتیشی: لەگەڵ ئەوەی چەندین جار داوامان کردووە، بەڵام تا ئێستا نە حکوومەتی هەرێم و نە حکومەتی عێراق هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە و تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە، سەرۆکی هەرێمی ئەوکات هاتە پرسەکەمان و بەڵێنی قەرەبوو کردنەوەی مادیی و مەعنەویی پێداین، بەڵام هیچ کام لە بەڵێنەکانی نەبردە سەر.

یەعقوب وتیشی: خۆم چەندین جار سەردانی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمم کردووە و بەڵێنیان پێداوم، بەڵام هیچیان نەکردووە و بێدەنگ و بێهەڵوێست بوون، پەیوەندیم کردووە بە سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراقیشەوە، بەڵام پێی وتووم کە ناتوانن هیچ بکەن و هیچیان پێناکرێت لە بەرامبەر تورکیادا، تا ئێستاش هیچ هەڵوێستێکیان نییە، کەمتەرخەمن لە بەرامبەر ئەو کەیسە و بۆردوومانەکانی تری تورکیادا.

سیروان حسێن
سیروان حسێن

سیروان حسێن، ئەندامی ئەو خێزانەیە و هەر یەک لە دایکی، باوکی، خوشک، برا و خوشکەزای لە کۆمەڵکوژییەکەدا شەهید بوون، لەسەر گۆڕی دایکی دانیشتووە و بە دڵێکی پڕەوە وتی: ئەو گۆڕانەی دەیبینن هەر حەوتیان بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگیەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیاوە شەهید بوون، تاکو ئێستاش لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە هیچ هەڵوێستێک و کاردانەوەیەک لەلایەن حکومەتی هەریم و عێراقەوە نەبووە.

وتیشی: پەیامی ئێمە بۆ گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە، بێنە دەنگ بۆ ئەوەی کەسی دیکە نەکرێتە ئامانج، هەروەها بۆ کۆتایی هێنان بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای فاشیست داوای یەکگرتوویی و یەک هەڵوێستی یەکڕیزیی گەلی کورد دەکەین.

ب.گ

Comments are closed.