ئۆجالان چۆن هێرۆ ئیبراهیم و فوئاد مەعسومی لە ٣١ـی ئاب ڕزگار کرد؟

ناوەندی هەواڵەکان

٣١ـی ئابی ١٩٩٦ ئەوکاتەی پەدەکە سوپای بەعسی هێنایە ناو هەولێر، هەریەک لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و فوئاد مەعسوم دەکەونە دەست هێزەکانی پەدەکە و بڕیاری کوشتنیان دەدرێت، بەڵام ڕێبەرئۆجالان، دەمودەست پەیامێکی هۆشداریی ئاڕاستەی سەرکردایەتیی پەدەکە دەکات و جەخت لەسەر پاراستنی ژیانی ئەو دوو سەرکردەیەی یەنەکە دەکاتەوە.

ڕۆژی ٣١ـی ئابی ١٩٩٦، لەو خیانەتە نیشتمانییەی کە پەدەکە هێزی ڕژێمی بەعسی هێنایە سەر هەولێر، هەریەک لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری مام جەلال و فوئاد مەعسوم، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەنەکە دەبن لە هەولێر.

هێرشەکەی پەدەکە و بەعس بە شێوەیەکی کتوپڕ ئەنجامدراوە و یەنەکە پێشتر ئامادەکارییەکی ئەوتۆی بۆ نەکردووە، لە بەرەکانی دەرەوەی هەولێر بەرگرییەکی کەم دەکەن و دواتر هێزەکانی یەنەکە بەتەواوی لە هەولێر دەکشێنەوە و لە کانی وەتمان جێگیر دەبن.

ئەوکات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و فوئاد مەعسوم و چەند سەرکردەیەکی دیکەی یەنەکە هەوڵدەدەن خۆیان بگەیەننە هێزەکانیان، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە بەدیل دەگیرێن، تا ئێوارەی ئەو ڕۆژە یەنەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر هێرۆ ئیبراهیم و فوئاد مەعسوم نابێت، بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە بەدیلیی کەوتووەنەتە دەست پەدەکە.

بە پێی شایەتحاڵانی ئەوکات، پەدەکە بڕیاری کوشتنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و فوئاد مەعسوم و سەرکردە دیلەکانی دیکەی یەنەکە دەدات، چەند ڕۆژێک دواتر فوئاد مەعسوم لە ڕادیۆی دەنگی عێراقەوە داوای هاوکاریی و بەهاناوەچوون دەکات، ئەوەش کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە.

لەوکاتەدا عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە سووریا دەبێت، بە پێی قسەی هەندێک لەو کەسایەتییانەی کە زانیارییان لەسەر ڕووداوەکانی ئەوکاتە هەیە، ڕێبەر ئۆجالان، لە ڕێگەی نوێنەری ئەوکاتی پەدەکە لە دیمەشق پەیامێکی هۆشداریی ئاڕاستەی سەرکردایەتیی پەدەکە دەکات و جەخت لەسەر پاراستنی ژیانی ئەو سەرکردانەی یەنەکە دەکاتەوە.

ڕێبەر ئۆجالان لە پەیامەکەیدا خەخت دەکاتەوە “دەستبردن بۆ ئەو سەکردانەی یەنەکە دەبێتە مایەی شەڕ”، دوای چەند ڕۆژێکیش لە پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان، پەدەکە سەرکردەکانی یەنەکە ئازاد دەکات.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری ناوداری کورد و شارەزا لە ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستان، دەڵێت: “ئەوکات من لە ئەورووپا بووم، لە ڕێگەی هەڤاڵانمەوە ئەوەم پێگەیشت کە سەرۆک پەیامێکی لەسەر ئەو ڕووداوە ئاڕاستەی پەدەکە کردووە”.

ئەوکات ئەو ڕووداوە لەناو یەنەکەدا دەنگدانەوەیەکی زۆری لێ دەکەوێتەوە، پێنجوێنی دەڵێت: یەکێتی بەوە زۆر خۆشحاڵبوون، چونکە لەوکاتەدا کە لە تەنگانەدا بوون لایەنێک بەو شێوەیە خاوەنداریی لێکردن.

محەمەد ئەمین پێنجوێنیی، کە نزیکایەتیی لەگەڵ مام جەلالیشدا هەبووە، باس لەوە دەکات، کە مام جەلال بەو هەوڵەی ڕێبەری گەلی کورد زۆر خۆشحاڵبووە و دەڵێت: چەندین جار مام جەلال ئەو ڕووداوەی بە خۆشحاڵییەوە لە دانیشتن و بۆنە جیاوازەکاندا گێڕاوەتەوە و سوپاسگوزاریی سەرۆک ئاپۆ بووە.

ڕێبەری گەلی کورد جەختی لە ئاشتیی کردووەتەوە لە نێوان یەنەکە و پەدەکەدا

ڕێبەری گەلی کورد لە سەروبەندی ئاڵۆزییەکانی نێوان پەدەکە و یەنەکەدا ڕۆڵی نێوەدنگیر دەبینێت و هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەردوو لایەنەکەدا بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیی بەکاربهێنێت بۆ هێنانەدی ئاشتەوایی و کۆتاییهێنان بە شەڕ.

ڕێبەری گەلی کورد لەو سەروبەندەدا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی (شەرقلئەوسەت)ـی عەرەبیی، ئەنجامدەدات و هەوڵی نێوەندگیرانەی خۆیان دووپات دەکاتەوە و دەڵێت: ئێمە وەک پەکەکە هەوڵی نێوەندگیریی و ئاشتەوایی نێوان هەردوولا دەدەین، یەکێتییەکی دیموکراتیی و نەتەوەیی بۆ کوردستان بە بنەما دەگرین، لە مێژووشدا شەڕی نێوان هۆزەکان زیانێکی زۆریان گەیاندووە بە گەلەکەمان، ئێمەش دەخوازین ئەمە بە یەکێتیی و هەماهەنگیی چارەسەر بکەین.

ب.گ

Comments are closed.