هاوسەرگیری پێشوەختە هۆکاری هەڵکشانی ئامارەکانی جیابوونەوەیە

گەرمیان

بەپێی ئامارە فەرمییەکانیی دادگاکانیی هەرێمی کوردستان، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەرگیریی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، پارێزەر و مامۆسایانی ئاینییش هۆکارەکانی جیابوونەوەکان بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە، نەبوونی ڕۆشنبیریی تاک و قەیرانی دارایی دەگەڕێننەوە و دەڵێن: زۆرینەی ئەوانەی لە دادگا داوای جیابوونەوە دەکەن گەنجن و کەم ئەزموونن.

لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئامارەکانی تایبەت بە جیابوونەوەی هاوسەرگیریی بەردەوام لە بەرز بوونەوەدایە و بە پێی ئامارەکانی دادگای کەرکووک- گەرمیان، ساڵی ڕابردوو دووهەزار و ٦۱٨ مامەڵەی هاوسەرگیریی و یەک هەزار و ۳٥۲ داوای جیابوونەوه تۆمار کراوە، پارێزەر و مامۆستایانی ئاینیش سەرەڕای ئەوەی باس لە هۆکارەکانی جیابوونەوە دەکەن، بەڵام پێشییان وایە بەشێک لەوانەی داوای جیابوونەوە دەکەن، دواتر ئاشتەوایی دەکەن و جیانابنەوه.

بیلال ئەحمەد
بیلال ئەحمەد

بیلال ئەحمەد، پارێزەر بە ڕۆژنیوزی وت: جیابوونەوەی هاوسەران گرفتێکی ئاڵۆز و مەترسیداریی کۆمەڵایەتییە، هۆکارەکەشی زیاتر بۆ قەیرانی ئابوریی، خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەستێوەردان دەگەڕێتەوە و زۆرینەشیان لە تەمەنی گەنجیدان، بۆ چارەسەرکردنیشیی دەبێت لایەنی پەیوەندیدار و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، لەڕێگەی سیمینار و وۆرکشۆپەوە کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشانە، بڵاوکردنەوەی  ئامارەکانییش دڵەڕاوکێ لای ئەو گەنجانە درووست دەکات، کە ژیانی هاوژینییان پێکنەهێناوە.

محەمەد سالار
محەمەد سالار

محەمەد سالار، پارێزەرێکی ترە لە گەرمیان و دەڵێت: هۆکارەکانی جیابوونەوە زۆرە، جگە لە هۆکاری دارایی، کۆمەڵایەتیی، دەروونی و ڕۆشنبیریی، هۆکارێکی تر هۆکاری یاسا و چارەسەرە یاساییەکانە بۆ گیروگرفتی جیابوونەوە، کە لە یاسای باری کەسێتیدا چارەسەرەکانی خستووەتە قۆناغی کۆتایی، کە خۆی ئەبینێتەوە لە توێژەری کۆمەڵایەتی و ناوبژیوان.

ئەو پارێزەرە لە بەشێکی دیکەی قسەکانی یدا، هەڵکشانی ئامارەکانی جیابوونەوەی بەستەوە بە ئەنجامدانی هاوسەرگیریی پێشوەختە و وتی: هۆکارێکی تر هاوسەرگیری پێشوەختەیە، کە لە دادگاکانی دەرەوەی هەرێم زۆر ئەنجام دەدرێت، بۆ چارەسەریش پێویستە ڕێگریی بۆ دابنرێت.

مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، مونا یاقوو سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاشکرای کرد لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٠ تا ٢٠٢٢ پێنج هەزار و ٢٧ کچ کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵە هاوسەرگیریی پێشوەختەیان پێ کراوە.

هاوکات لە مانگی تشرینی یەکەمى هەمان ساڵدا، سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق، ئاماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیریی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو کردەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد، لەو ساڵەدا ٥٥ هەزار و ٨٩٦ گرێبەستی هاوسەرگیریی واژۆ کراوە، لەو ڕێژەیە هەشت هەزار و ٤٨ گرێبەستیان، کە دەکاتە ١٤.٤٪  کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوون.

حەمەئەمین عەبدولقادر
حەمەئەمین عەبدولقادر

هەر لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان و بە دیارییکراویش لە ناوچەی گەرمیان، حەمەئەمین عەبدولقادر، مامۆستای ئاینیی و لێپرسراویی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان و ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان بە ڕۆژنیۆزی وت: ئەوانەی دێنە لای ئێمە بۆ جیابوونەوه سەرەتا پرسیاریان لێ دەکەین کێشەکەیان چییە، بەشێکیان باسی دەکەن و بەشێکیشیان باسی ناکەن و تەنها دەڵێن هەردوولامان ڕازین لەسەر ئەوەی جیابینەوه، ئێمەش سێجار دەیان گەڕێنینەوە و یەکسەر جیابوونەوەیان بۆ ناکەین و ئاشتەواییمان بۆ زۆرێکیشیان کردووە.

ئەو مامۆستا ئاینییه وتیشی: لە یاسای ئیسلامدا ژن و پیاو  بەهۆی دزی و بێ ڕەوشتیی، دەتوانن داوای جیابوونەوە بکەن لە یەکتر وەکو یەک.

لەبارەی ئامارەکانی یەکێتییەکەیان ئەو مامۆستا ئاینییە وتی: ساڵی پار ئەوانەی داوای جیابوونەوەیان کردووە لای ئێمە، ۲۷ جیابوونەوەمان هەبووە، هەروەها بە ئامۆژگاریی و ئاشتەوایی توانیومانە زیاتر لە ۲٨ داواکاری جیابوونەوە پەشیمان بکەینەوە و جیانەبنەوە، ئەوەیشی لای ئێمە جیابوونەوەی بۆ بکرێت، حاکم بە یەک جەلسە جیابوونەوەیان بۆ دەکات و لێیان ناپرسێتەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.