عێراق یەکێکە لە خراپترین وڵاتەکان بۆ ژنان

ناوەندی هەواڵەکان

هەڵسەنگاندی (ژنان، ئاشتی و ئاسایش) ئاشکرایکرد، عێراق لە ڕیزبەندی خراپترین وڵاتەکاندایە بۆ دۆخی ژنان لە ڕووی یاسایی و پێدانی مافی سیاسیی، تەنها هەشت پلە لە پێش ئەفغانستانەوەیە.

چوارەم هەڵسەنگاندنی (ژنان، ئاشتی و ئاسایش) بۆ ساڵی ٢٠٢٣ – ٢٠٢٤، کە دوێنێ بڵاوکراوەتەوە، بەپێی ١٣ پێوەر هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ژنان کردووە لە ١٧٧ وڵاتدا و لە ئەنجامدا، ئەفغانستان لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەدایە و عێراقیش بە هەشت پلە لە ڕیزبەندی ١٦٨میندا هاتووە.

هەڵسەنگاندنەکە ١٣ پێوەری لەژێر سێ کۆمەڵەدا جیا کردووەتەوە، کە یەکەمیان بەشداری ژنان لە پەروەردەدا و ئەوەش دابەش دەبێت بۆ (دامەزراندن، دارایی، بەکارهێنانی مۆبایل، ئامادەیی ژنان لە پەرلەمان)، دووەم، دادپەروەریی (نەبوونی هەڵاواردنی یاسایی، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری، مردنی دایکان، خواست لەسەر بوونی منداڵی کوڕ)، سێیەم، (توندوتیژیی لەلایەن هاوژینەوە، تێڕوانین بۆ سەلامەتی کۆمەڵگا، توندوتیژی سیاسی بە ئامانجگرتنی ژنان، ململانێی چەکداریی).

لە کۆی ئەو پێوەرانە دۆخی ژنانی عێراق بە گشتی لە ڕەوشێکی خراپدایە و بە نمرەی ٠،٤٢٤ لە پلەی ١٦٨میندا هاتووە.

ئەفغانستانیش بە نمرەی ٠،٢٨٦ لە پلەی کۆتاییدایە و پێش ئەویش وڵاتی یەمەنە، کە تەنها ٠،٢٨٧ نمرەی هەیە.لەبارەی باشترین وڵاتەکانیش بۆ دۆخی ژنان، دانیمارک پلەی یەکەمە، دواتر سویسرا و سوید دێن.

ش. ئـ

Comments are closed.