زەردەشتییەکانی سلێمانی جەژنی ‘ئەشوو زەردەشت’ـیان پیرۆز کرد

سلێمانی

ئەمڕۆ، لەشاری سلێمانی بە ئامادەبوونی بەشێک لە پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتی و چەندین پێکهاتە و کەسایەتی ئاینیی، بە ئاهەنگێک جەژنی ‘ئەشوو زەردەشت’، لەلایەن زەردەشتییانی کوردستانە پیرۆز کرا.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەرای زەردەشتییانی کوردستان، لە شاری سلێمانی، ئاهەنگی پیرۆز کردنی جەژنی لەدایک بوونی ئەشوو زەردەشت، بەڕێوەچوو.

 لەسەرەتای ئاهەنگەکەدا، پەیڕەوانی زەردەشتی بە کردنەوەی ئاگر و بە مارشی تایبەتی خۆیان جەژنەکەیان پیرۆز کرد.

 پاشان بۆ جەژنی ئەشوو زەردەشت، کورتەیەک لەبارەی مێژوو و ژیانی ‘ئەشوو زەردەشت’ و ‘گاتاکانی زەردەشت’ لەلایەن ئەسرەوان قادرۆک، بۆ ئامادەبوان خرایەڕوو، تیشکی خستە سەر سەرەتای درووست بوونی ئاینی زەردەشتی و سەرهەڵدانی زەردەشت.

ئاوات حیسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە شاری سلێمانی پێکەوەژیانی نێوان ئاینەکان لە ئاستێکی باشدایە، جیاواز لە شارەکانی دیکە تەنها بە ڕواڵەت باس لە پێکەوەژیانی نێوان ئاینەکان دەکرێت.

هەروەها ئاوات حسامەدین، داوای لە لایەنە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کرد، کە یەکگرتووبن و پێکەوە هەوڵی یەکڕیزیی کورد بدەن و وتی: گەر کوردستانتان پێ یەک پارچە بێت، پێویستە هەر چوار پارچەی کوردستان وەک ماڵی خۆتان سەیر بکەن.

لە درێژەی ئاهەنگەکەدا، بە گرتە ڤیدیۆیەک کۆمەڵێک لە گاتاکانی زەردەشت بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، کە تیایدا باسی لە درووشمەکانی ئاینی زەردەشت دەکرد.

هەروەها لە کۆتایی ئاهەنگەکەدا بە پێدانی شیرینی بە ئامادەبووان و بە وتنەوەی گۆرانی و ئەنجامدانی هەڵپەرکێ و کردنەوەی ئاگر و پیرۆزبایی کردن لە یەکتر ئەو جەژنەیان لە یەکتر پیرۆز کرد.

ئاهەنگی جەژنی لەدایکبوونی ‘ئەشوو زەردەشت’ هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٦ـی خاکەلێوە پیرۆز دەکرێت، کە بەیەکێک لە جەژنەکانی ئاینی زەردەشتی و تیایدا لەلایەن پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتییەوە بە ئاهەنگ و گۆرانی و هەڵپەڕکێ جەژنەکەیان پیرۆز دەکەن.

ب.گ

Comments are closed.