پەرلەمانتارێک: دیاریکردنى کەسێک بۆ سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بەم نزیکانە یەکلا دەبێتەوە

بەغدا

پەرلەمانتارێک ئاشکرای دەکات، نزیکە قەیرانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چارەسەر ببێت، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە، دەشڵێت، دیاریکردنى کەسێک بۆ سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بەم نزیکانە یەکلا دەبێتەوە.

بورهان ناسر نەمراوی
بورهان ناسر نەمراوی

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژ نیوز، بورهان ناسر نەمراوی، پەرلەمانتارى حزبی تەقەدوم لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پرسی یەکلاکردنەوەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق زۆر نزیکە، ​​بەڵام هەنگاوی یەکەم هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە و ئەمەش پرسێکی ڕێکخراوەیی و ناوخۆییە، بە ئامانجی کردنەوەی دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ ئەو پۆستە.

نەمراوی دەشڵێت، کردنەوەی دەرگای خۆ کاندیدکردن بە ئامانجی دۆزینەوەی کەسێکى گونجاو دێت، کە بۆ هەموو حزبەکان قبوڵکراو بێت و هیچ کێشەیەکیش نییە ئەگەر کەسایەتییەک لە حزبی تەقەدوم کاندید بکرێت، بە مەرجێک لەلایەن هەمووانەوە قبوڵ بکرێت.

پەرلەمانی عێراق لەم دواییانەدا دەستی کرد بە گفتووگۆکردن لەسەر هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی خۆی و ئەم بڕگەیە لە دانیشتنەکانی پێشوودا خرایە کارنامەی پەرلەمانەوە و هێشتا هەموارکردنەکە تەواو نەبووە.

پەرلەمان لە چوار هەوڵدا بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی محەمەد حەلبوسی بەهۆی نەبوونی کۆدەنگی لەسەر یەک کاندید، شکستی هێنا، چونکە سێ حزبەکەی سوننە، تەقەدوم، سیادە و عەزم بەردەوامن لە سەپاندنی کاندیدەکانی خۆیان، کە ئەوانیش: شەعلان کەریم لە تەقەدوم، سالم عیساوی لە سیادە و مەحمود مەشهەدانی لە عەزم، لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگری دەکات لەسەر کاندیدکردنی کەسێکى نوێ یان هێشتنەوەی موحسین مەندەلاوی وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت.

دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوودا، سکاڵای یاسایی لەسەر پەرلەمانتار شەعلان کەریم ڕەتبکاتەوە، کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کاندید کردبوو، هەروەها دادگا لە هەمان کاتدا بڕیاریدا سکاڵاکە، کە لە دژی شەعلان کەریم تۆمارکرابوو، دوابخرێت بۆ ١ـی مانگی نیسانی داهاتوو، ئەمەش لە دوای دانیشتنەکەی خولی یەکەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دێت،  کە تیایدا کەریم بە زۆرترین دەنگ سەرکەوتنی بەسەر سالم عیساوی ڕکابەریدا بەدەستهێنا.

دەنگدان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە نیسابی نیوە لەگەڵ یەک لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان هەیە، کە دەکاتە ١٦٦ دەنگی ناو پەرلەمانی عێراق، هێزە سوننەکان لە ئێستادا خاوەنی ئەو ژمارەیە نین، بەو پێیەی حزبی تەقەدوم، کە زۆرینەی کورسی سوننەکانی بەدەستهێناوە، کە ٣٥ کورسی هەیە.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، کە لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی٢٠٢٣ەوە کاری پێدەکرێت، بڕیاریدا بە فەرمی ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە.

ڕ.ش

Comments are closed.