براکیسێرەپی یان چارەسەرى ناوەکى چییە؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر سەرکەوت مەجید دەڵێت، براکیسێرەپی، کە زۆرجار پێی دەڵێن، چارەسەری تیشکی ناوەکی، جۆرێکە لە چارەسەری شێرپەنجە، کە تێیدا سەرچاوەیەکی تیشکی لە ناو یان لە نزیك گرێیەکی شێرپەنجەیی دائەندرێت، دەشڵێت، دیارترینی ئەو شێرپەنجانەی، ئەم ڕێگایە بەکاردێت بۆ چارەسەرکردیان بریتین لە شێرپەنجەی پڕۆستات، شێرپەنجەی ملی منداڵدان، شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان.

دکتۆر سەرکەوت مەجید، پزیشکى پسپۆڕى نەخۆشیەکانی شێرپەنجە لە نووسینێکدا ئاماژە بە بڕاکیثێرەپی یان چارەسەرى ناوەکى دەکات و دەقى نووسینەکەى بەمجۆرەیە:-

بڕاکیسێرەپی یان چارەسەرى ناوەکى چیە؟

براکیسێرەپی، کە زۆرجار پێی دەڵێن، چارەسەری تیشکی ناوەکی، جۆرێکە لە چارەسەری شێرپەنجە، کە تێیدا سەرچاوەیەکی تیشکی لە ناو یان لە نزیك گرێیەکی شێرپەنجەیی دائەندرێت (یان لە نزیك شوێنی گرێیەکە دائەندرێت ئەگەر گرێیەکە بە نەشتەرگەری لادرابێت)، کە بەهۆیەوە ژەمێکی بەرزی تیشك ڕاستەوخۆ ئەگەیەندرێتە خانە شێرپەنجەییەکان بە کەمترین بەرکەوتن لەگەڵ شانە تەندرووستەکانی دورەبەری گرێیەکە.

بە بەراورد لەگەڵ چارەسەری تیشکی دەرەکی، ئەم شێوازە چارەسەرە ڕێگا ئەدات ژەمێکی زۆرتری تیشك لە ماوەیەکی کەمتر بگەیەندرێتە جێگای مەبەست.

براکیسێرەپی لە چارەسەری زۆر جۆری شێرپەنجە بەکار دێت، بەڵام دیارترینی ئەو شێڕپەنجانەی، کە ئەو شێوازی چارەسەرە ڕۆڵی هەیە لە چارەسەرکردنیان بریتین لە شێرپەنجەی پڕۆستات، شێرپەنجەی ملی منداڵدان، شێرپەنجەی ناوپۆشی منداڵدان.

ئ.م

Comments are closed.