کەجەدەکە-ئە: دەوڵەتی تورک لە ئەورووپا ئاژاوەگێڕی دژی کوردان دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە ئەوروپا ئاژاوەگێڕی دژی کوردان دەکات و داوای لە ڕێکخراوە کوردییەکان کرد “بێجگە لە ناڕەزایەتی دیموکراتیک، هیچ ڕێگە و ڕێبازێکی تر نەگرنەبەر”.

کەجەدەکە-ئە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: ئەو هێرشە فاشیستییەی لە بەلجیکا دەستی پێ کرد و لە چەند شارێکی ئەورووپا فراوانتر بوو، تادێت دژوارتر دەبێت و دەوڵەتی تورک لە ئەوروپا ئاژاوەگێڕی دژی کوردان دەکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “بەهۆی لێدوانەکانی ئەردۆغانی دیکتاتۆر و هەڕەشە و ئاژاوەگێڕییەکانی هاکان فیدان لە ئەورووپا، گرووپە چەتە فاشیستەکان لە ڕێگەی تۆڕی هەواڵگریی و کونسوڵخانە و مزگەوتەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕێکدەخرێن، دەڕژێنە گۆڕەپانەکان و ڕووبەڕووی گەنجانی کورد دەبنەوە، ئەمانە هەوڵێکن بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەو دەسکەوتانەی لە ڕێگەی تێکۆشانی ئازادییەوە بەدەستهاتوون.

کاریگەری هەڵمەتە جیهانییەکە، ڕێپێوانی سەدان هەزار کەسی لە ١٧ـی شوبات لە کۆڵن و بەرخۆدانی سەدان هەزاری کورد لە ناوەندەکانی ئەورووپا و قەرەباڵغی ئاهەنگەکانی نەورۆز، دەوڵەتی تورکی هەراسان کردووە”.

کەجەدەکە-ئە دووپاتی دەکاتەوە ئەم هەوڵانە بۆ تاقیکردنەوەی سەبر و ئارامگرتنی گەلی کورد و گەنجانی کورد، ڕێگە بۆ پێکدادان خۆش دەکات، هەروەها ڕایدەگەیەنێت بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانمان نابێت ڕێگە بۆ هەوڵی ئاژاوەگێڕی و داخوازییەکانی دەوڵەتی تورک خۆش بکەین، دەڵێت: “با هیچ کەس نەبێتە هۆی تاوانبارکردنی تێکۆشانە ڕەواکەمان، بانگەواز لە گەل و ڕێکخراو و مەجلیسەکانمان دەکەین، بەرامبەر ڕووداوەکان هەڵوێست نیشان بدەن و بێجگە لە ناڕەزایەتی دیموکراتیک پەنا نەبەنە بەر هیچ ڕێ و ڕێبازێکی دیکە.

لە کۆتاییشدا جەختیان کردەوە، هیچ هێرشێکی فاشیستی و نەژادپەرستی ناتوانێت ڕێگربێت لە تێکۆشانی ڕەوا و ئازادی گەلی کورد، تێکۆشانی ڕەوامان سەردەکەوێت.”

ب.گ

Comments are closed.