کار و چالاکییەکانی ژنانی دەم پارتی لە ئامەد چین؟

ناوەندی هەواڵەکان

تەنها سێ ڕۆژ ماوە بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، ژنانی دەم پارتیش پێشەنگایەتی خۆیان دەکەن و پلاننامەی کاریان بۆ ئامەدی باکووری کوردستان ئاشکرا کرد، کە خۆی دەبینێتەوە لە درووستکردنی ئەنجوومەن و کۆردیناسیۆنی تایبەت بە ژنان، دابینکردنی بودجەی تایبەت و پشتگیرییکردنی ژنان بۆ بەرفراوانکردنی کارەکانیان.

بڕیار وایە لە ٣١ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەبچێت، ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی-دەم پارتی لە ئامەد پلاننامەی کاریان بۆ دوای هەڵبژاردن ئاشكرا کرد.

کارنامەی ژنانی دەم پارتی بەمشێوەیەیە:

لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە ژنان بە شێوەیەکی کارا لە ئامەددا پێشەنگایەتی خۆیان دەکەن، بە هاوسەرۆكایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان، لە ناو شارەوانییدا ئەنجوومەن و کۆردیناسیۆنی ژنان درووست دەکەن، لە ڕێگەی ئەو ئەنجوومەنەوە هەوڵ دەدرێت ژنان خۆیان ناوچەکانیان بەڕێوە ببەن.

لە هەموو یەکەکانی شارەوانییدا، بودجەی تایبەت بۆ ژنان دابین دەکەین، بودجەی سەرۆکایەتی فەرمانگە سیاسییەکانی ژنان بە پێی پێویستییەکانیان دابین دەکەین.

بۆ ئەوەی ڕەنجی ژنان ببینرێت و ون نەکرێت، ئابووری کۆمیناڵ بە بنەما دەگرین، هەرێمی ناوچەی کار دیاری دەکەین، ئاستی خوێندن و نووسینی دیجیتاڵ و کۆرسی پیشەیی و چەندین خزمەتگوزاری دیکە بەرفراوان بکەین، ئەو ژنانەی، کە بەشداریی لەو کۆرسانەدا دەکەن و بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێدەهێنن، پشتگیرییان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشن و ڕەنجی خۆیان وەربگرنەوە.

پڕۆژەی کاری هاوبەشی ژنانی ئازاد سەرلەنوێ دروست دەکەینەوە، هەوڵدەدەین شوێنێکی تایبەت بە بەرهەمی دەستی ژنان وەک سەوزە، بەرهەمە شیرمەنییەکان و هتد، دروستبکەین، پڕۆژەی بێستانەوانی سەرلەنوێ دروستدەکەینەوە، هەروەها ماڵی تۆو دەکەینەوە لە ڕێگەیەوە گوڵ و درەختە جوانکارییەکان پێشکەش بە گەلەکەمان دەکەین، لە شارەوانی بودجەیەکی تایبەت بۆ ژنان دەستەبەر دەکەین، بەم بودجەیە ژنان دەتوانن پڕۆژەکانی خۆیان لەناو گەڕەکەکاندا بەرفراوان بکەن، هەروەها کارتی تایبەت بۆ ژنان دروستدەکەین.

هەموو ئەو تووندتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدر‌ێن سەرچاوەکانی دژایەتی کردنی ژنانە، لە سیاسەتی دەوڵەتی پیاوسالارییدایە، سیستەمی دەوڵەت توندووتیژی بەرامبەر ژنان زیاتر دەکات و ئەو ژنانەی کە ڕەنج دەدەن بە تەنها دەیانهێڵێتەوە، هەموو ئەو مافانەی ژنان، کە لەلایەن قەیومەکانەوە دزراوە سەرلەنوێ وەریدەگرینەوە، هەموو ئەو ناوەندانەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستیان بەسەردا گیراوە سەرلەنوێ دەیکەینەوە، نەخشەی تووندوتیژییەکان لە ئامەد دەسڕینەوە و کاریگەریی تێکۆشان لەسەر ژنان بەرەو پێش دەبەین.

لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی بۆ لەناوبردنی کولتوور و فەرهەنگ پێشخراوە، بنیاتنانی چەندین ناوەندی کولتوور، زمان، هونەر و وەرزشی پێویستییەکی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەکەیە، لە گوند و شارەدێ و گەڕەکەکاندا ماڵی کولتووری ژنان زیاد دەکەین، تێیدا ئەو ژنانەی خاوەنی ئەزموونن، پەروەردە بدەن بە ژنانی دیکە.

لە بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەکەدا، ئەرکی ئێمە لەسەر بنەمای پارادیگمای دیموکراتیک، ژینگەیی، ئازادیی ژنانە، بەرپرسیارێتیمان ئەوەیە پارێزگاری لە سرووشت و دەستکەوتەکانی ژنان لە هەموو ناوچەیەک بکەین، هەروەها بۆ کارەساتە سرووشتییەکان پلانی درێژخایەن دادەڕێژین، هەموو ساڵێک بە درووشمی “گەر چاندن نەبێت، تۆش بوونت نابێت”، کامپەینی چاندنی دار ئەنجام دەدەین و هەڵمەتەکان بەرفراوان دەکەین.

کۆردیناسیۆنێکی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوە سرووشتییەکان درووست دەکەین، لە هەرشوێنێک ژیانی تێدا تێکچووە، سەرلەونوێ بە هەوڵی ژنان ژیانی بۆ بگەڕێنینەوە.

شەڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکار و سەرچاوەی کۆچبەریی و پەنابەرین، ئەوانەی کە بە زۆر کۆچبەر کراون ژنان و منداڵانن، هەمیشە کۆچبەریی، پەنابەریی، هەموو جۆرە توندوتیژییەک، نەژاد پەرەستی و نزیکایەتییەکی لەو شێوەیە ڕەتدەکەینەوە، بۆ زیندووکردنەوە و باشترکردنی ژیان، خەباتی خۆمان زیاتر دەکەین.

بۆ ئەوانەی لەسەر شەقامەکاندا دەمێننەوە ماڵی میوانان و بۆ گەنج و منداڵانیش ماڵی بێکەسان دەکەینەوە.

بۆ ئەوەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بە یەکسانی بژێن، کار و چالاکییەکانمان بەپێی ئەوان ڕێکدەخەین، بە تایبەت ئەو چالاکییانە ئەنجام بدرێت کە سەرنج دەخاتە سەر ئاستەنگییەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و هەوڵ بۆ خزمەتکردنیان بدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی دەم پارتی لە ناوچەی ئامەد، ماڵی ژنان دەکاتەوە و کاری و چالاکییەکانمان سەرلەنوێ دەستپێدەکەینەوە، لە هەر گەڕەکێک نووسینگەیەک دەکەینەوە و پرۆژەکانمان هەموو گەڕەکەکان دەگرێتەوە.

بەو ئەزموونەی کە لە بواری بەڕێوەبەریی ناوچەکە بەدەستمانخستووە، بە پارادیگمای دیموکراتی ژینگەیی و ئازادپارێزی ژنان کار دەکەین.

ب. جـ

Comments are closed.