چیرۆکێکی دیکەی ئەنفال لە زاری ژنێکی ڕزگاربووەوە

سەلمان عوسمان

ئەنفال تاوان و کۆمەڵکوژییەکی دیکەیە، کە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدراوە، کە چیرۆکە خەمناکەکانی هەرگیز کۆتاییان نایەت و سۆیبە ساڵەح، کە ڕزگاربوویەکی ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییەیە چیرۆکی زیندان و پاش ئازادبوونی دەگێڕێتەوە.

قۆناغی سێیەمی ئەنفال ترسناکترین قۆناغی ئەنفال بوو، کە لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە جێبەجێ کرا، کە لە ٧ـی نیسان تا ٢٠ـی سانی  ١٩٨٨ـی خایاند، لەو پرۆسەدا زیاتر لە ٧٠٠ گوند ڕووخێنرا و ٥٠ هەزار ژن و منداڵ و پیاو لە گوندەکانیان ڕاگوازران و بۆ زیندانی دوبز و نووگرە سەلمان، لەوێش زۆرینەیان زیندەبەچاڵ کران یاخود شەهید بوون، بەهۆی سەرما و برسێتی و نەخۆشییەوە و تەنها بەشێکی کەمیان ڕزگاریان بوو.

سۆیبە ساڵەح
سۆیبە ساڵەح

سۆیبە ساڵەح، لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی توکنی سەربە شارەدێی سەرقەڵا لە سنووری شارۆچکەی کفری لە ئیدارەی گەرمیان لەدایکبووە، گوندەکەیان بەرشاڵاوی سێیەمی ئەنفال دەکەوێت و وێران دەکرێت، لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕادەگوازرێن بۆ زیندانی دووبز، کە ئەوکات تەمەنی ١٤ ساڵ بووە، لە زیندان دوو برا و ئامۆزایەکی بێسەروشوێن دەکرێن و منداڵی برایەکیشی نەخۆش دەکەوێت و بەهۆیەوە گیانلەدەست دەدات.

هەرچەندە پاش شەش مانگ لە زیندانیکردن ئازاد دەکرێن لەگەڵ دایکی و باوکی و خوشکێکی، بەڵام بەهۆی کاریگەری سەختییەکانی زیندان و ئازاری کەسوکاری ئەنفالکراویان، دوای ساڵێک باوک و دایکی دوابەدوای یەکتر کۆچی دوایی دەکەن، لە ئێستاشدا تەنها برایەکی بۆ ماوەتەوە لە خێزانەکەیدا، خۆشی بە هۆی کاریگەریی زیندان تووشی گۆشەگیریی بووە و هەمیشە بیر لەو ساتانەی زیندان دەکاتەوە.

سۆیبە ساڵەح لە سەرەتای گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا باسی دۆخ و گوزەرانی گوندەکەیان دەکات تا ڕاگواستنیان و وتی: ئێمە لە گوندی تووکن دەژیاین، خەڵکی گوندەکە بە ئاژەڵداریی و جوتیارییەوە سەرقاڵ بوون، ڕۆژێک باوکم لە دەرەوە هاتەوە و وتی: “ڕژێمی بەعس هێرش دەکاتە سەر گوندەکان و کەس نازانێت چیمان بەسەر دێت”.

بەردەوامی بە گێڕانەوەکەی دا و وتی: پێشمەرگەیەکی گوندەکەمان هاتەوە بە باوکمی وت: دەبێت گوندەکە چۆڵ بکەن و بچنە گوندی عەلیانی کۆن، بەعس لە لایەکەوە لەشەڕدا بوو لەگەڵ پێشمەرگە، لە لایەکیشەوە خەڵکی لە گوندەکانی کۆدەکردەوە و گوندەکانی دەسوتاند، ئەوەبوو هەموومانیان لە ملە سوورە کۆکردەوە و ئێوارەکەی بڕێ جاش هاتن و بردمانیان، دایکم هەتا مرد دووعای لەو جاشە دەکرد، دەیوت ئەو ئێمەی داوەتە دەست سەربازانى بەعس.

ئەو ژنە ڕزگار بووەی ئەنفال وتیشی: دوای ئەوەی ڕامانیان گواست بۆ زیندانی دوبز دۆخمان زۆر خراپ بوو، منداڵیان لە دایکی جیا دەکردەوە و فڕێیان دەدایە ناو زێراب و شەهید دەبوون، ڕۆژانە چەندین منداڵ شەهید دەبوون، منداڵی براکەشم هەرلەوێ شەهید بوو.

وتیشی: لە زیندان لێمانیان دەدا و پێیان دەوتین ئێوە منداڵی بێشکەکەشتان پێشمەرگەیە و تێکدەرن، زۆرکات مەمە و شیری منداڵەکەشیان دەخستە خوارەوە لە دەستی دایکەکە و نەیاندەهێشت منداڵەکە شیر بخوات، ڕۆژانە خەڵکیان دەبرد کەس نەیدەزانی چییان لێدەکەن، برایەکم چوو بەتانیی بێنێت بۆ ئێمە کە ڕۆشت ئیتر نەهاتەوە و نەمانبینییەوە، ئامۆزایەکم و برا گەورەکەم، کە خاوەن ژن و منداڵ بوو کەس نەیزانی چییان لێ بەسەر هات، دەمان پرسی ئەوانە بۆ کوێی دەبەن، دەیان وت کەس نازانێت.

سۆیبە ساڵەح کۆتایی چیرۆکەکەی بەم شێوەیە گێڕایەوە و وتی: دوای شەش مانگ ئازادکراین و لە شارەدێی ڕزگاریی نیشتەجێ بووین و کرێکاریمان دەکرد بۆ ئەوەی بژین، باوکم لە زیندان هەموو گیانی بووە زام و دوای ساڵێک لە هاتنەوەمان کۆچی دوایی کرد، ئێستاش هەرلەناو بیرەوەری ئەو ڕۆژانەدام و بە گۆشەگیریی دەژیم، تووشی چەندین نەخۆشی دەروونیی و جەستەیی بوومە لە زیندان و هەمیشە بە تەنها دەژیم، تا ڕۆژی مردن ئەو کارەساتەم بیرناچێتەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.