ژنانی مەخموور ئیدانەی دەستدرێژیی ئەفسەرە تورکەکەیان کرد

مەخموور

ئەنجوومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی مەخموور، بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی دەستدرێژیی و گێچەڵی ئەفسەرە تورکەکەیان لە شرناخ بۆ سەر ژنێک شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند،  ئەو هێرشە بۆ سەر تەواوی گەلی کورد و ژنانی کوردە.

لە شەقامی دیجلەی شاری شرناخ لە باکووری کوردستان، ئەفسەرێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گێچەڵی بە ژنێکی کورد کرد و هەوڵیدا دەستدرێژیی بکاتە سەر،  لە دژی ئەم هێرشە ڕەگەزییە، ئەنجوومەنی عشتاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی شرناخ دەربڕی.

مامۆستا بێریڤان ئیشلەک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا قسەی کرد و وتی:  ئەو هێرشە تەنها بەرامبەر ئەو ژنە نەکراوە بەڵکو بەرامبەر تەواوی گەلی کورد و ژنانی کورد کراوە، لەبەرامبەردا ئیرادە و هەڵوێست و بەرگریی خەڵکی شرناخ لەبەرامبەر تەواوی هێزە دەستدرێژیکار و هێرشکەرەکانە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە پاش ئەوەی زانی ناتوانێت ئیرادە و هێزی گەلی شرناخ بشکێنێت، بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگای گێچەڵ و دەستدرێژیی و هێنانی جەندرمە و سەرباز و سیخووڕ کەلتووری سیخووڕیکردن پێشبخات و بە بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر ئیرادەی گەل بشکێنێت و بە شەڕی تایبەت کۆمەڵگا لەناوبەرێت، بە هەموو هێز و توانای خۆیان هەوڵی لەناوبردنی گەلی بۆتان دەدەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێمەش وەکو ژنانی کورد، ئەم هێرش و گێچەڵ و دەستدرێژییە بە توندی شەرمەزار دەکەین و بانگ لە هەموو ژنان دەکەین بە درووشمی ” ژن ژیان ئازادیی” هەستنە سەر پێ، چونکە ئەم هێرشە ئەمڕۆ لە شرناخە سبەی لە شارەکانی تری کوردستان دووبارە دەبێتەوە، ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە گەلی خۆمان لە شرناخ دەکەین.

ب.گ

Comments are closed.