ئیسرائیل بڕیاری بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی ئێرانی پەسەند کرد

ناوەندی هەواڵەکان

 حکومەتی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران، لە تۆڵەی هێرشەکەی شەوی ڕابردوو پەسەند کرد و داوای لە سوپا کردووە پیلانی خۆیان بۆ لێدان لە ئێران پێشکەش بکەن.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، حکومەتی ئیسرائیل پیلانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی لە دژی ئێران پەسەند کردووە، بەڵام لەبارەی کات و شێواز و قەبارەی هێرشەکەوە ڕێککەوتن نەکراوە.

هەروەها ئاشکرای کرد، حکومەتی ئیسرائیل داوای لە سوپا کردووە پلانی خۆیان بۆ لێدان لە ئێران پێشکەش بکەن بەڕەچاوکردنی ئەوەی تا چەند کاریگەریی لەسەر شەڕی غەزە دەبێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە کەناڵی عەرەبییەی ڕاگەیاندووە، کە چاوەڕێ دەکرێت ئیسرائیل لە قووڵایی ئێراندا گورز بوەشێنێت.

هەروەها میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، کەمێک پێش ئێستا سیستمی بەرگریی ئیسرائیل لە شاری ئیلاتی باشووری وڵاتەکە ڕووبەڕووی درۆنێک بووەوە کە لە یەمەنەوە حوسییەکان ئاڕاستەیان کردبوو.

ب.گ

Comments are closed.