ئازاری ددان لەماوەی دووگیانی چى مەترسییەکى هەیە؟

ناوەندى هەواڵەکان

دکتۆر کەژان کاوە دەڵێت، ژنانى دووگیان زیاتر تووشی کێشەکانی دەم و ددان ئەبن وەک هەوکردنی پوک و کلۆربوونی ددانەکان، دەشڵێت، زۆر گرنگە ژنان بەر لە دووگیانی ئەگەر کێشەی ددانیان هەبێت چارەسەری بکەن، چونکە لەکاتی دووگیانی هەندێ چارەسەر سەلامەت نییە.

‎دکتۆر کەژان کاوە، پسپۆڕى نەخۆشییەکانى ژنان و منداڵبوون لە نووسینێکدا ئاماژە بە ئازارى ددانى ژنان دەکات لە کاتى دووگیانیدا و دەقى نووسینەکەى بەمجۆرەیە.

ژنانى دووگیان زیاتر تووشی کێشەکانی دەم و ددان ئەبن وەک هەوکردنی پوک و کلۆربوونی ددانەکان، هۆکاری ئەمەش بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە لەوانەش:-

یەکەم– گۆڕانکاری هۆرمۆنەکان.

دووەم– زیادبوونی گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە.

سێیەم– گۆڕانکاری لە کاتەکانی خواردن.

بۆیە زۆر گرنگە ژنان بەر لە دووگیانی ئەگەر کێشەی ددانیان هەبێت چارەسەری بکەن، چونکە لەکاتی دووگیانی هەندێ چارەسەر سەلامەت نییە و تەنها لە حاڵەتی زۆر گرنگ نەبێت باشترە نەکرێت.

پێویستە ژنان لەکاتی دووگیانی گرنگی زیاتر بدەن بە پاکڕاگرتنی دەم و ددانەکانیان و فڵچە و مەعجونی گونجاو بەکاربهێنن.

چی ڕووئەدات ئەگەر هەوکردنی پوک و کێشەکانی دەم و ددان چارەسەر نەکرێت ؟

ئەگەر هەوکردنی پوک و کێشەکانی دەم و ددان پشتگوێ بخرێت مەترسی درووست دەبێت لەسەر دووگیانییەکە بۆ نمونە مەترسی مناڵبوونی پێشوەختە.

بۆیە لەکاتی بوونی هەر کێشەیەک باشتروایە بەزوویی سەردانی پزیشکی ددان بکەن و چارەسەری پێویست وەربگرن.

ئ.م

Comments are closed.