کۆبوونەوەى بایدن و سوودانى لە کۆشکی سپی دەستی پێکرد

ناوەندی هەواڵەکان

کەمێک پێش ئێستا کۆبونەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەکۆشکی سپی دەستیپێکرد.

ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانى عێراق لەسەر بانگهێشتى سەرۆکى ئەمریکا بە یاوەری شاندێکی باڵای کابینەکەى بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.

ئێوارەى ئەمڕۆش محەمەد شیاع سوودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق گەیشتە کۆشکی سپی و لەئێستادا لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەدان.

سه‌ره‌تا جۆ بایدن به‌خێرهاتنی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كرد و وتی: ده‌مه‌وێ باسی ئه‌و بابه‌تانه‌ی بكه‌ین كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لە ئارادان خۆت ده‌زانی هێرشیكرده‌سه‌ر ئیسرائیل، ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵی خۆماندا هاوكاری ئیسرائیل بكه‌ین و شكستمان به‌و هێرشه‌ی ئێران هێنا.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، کە ئه‌مه‌ریكا پابه‌نده‌ به‌ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، هه‌روه‌ها ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ ئاگربه‌ست و گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕفێندرراوه‌ ئیسرائیلییه‌كان.

هەروەها سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی پابەندە به‌ پاراستنی هاوپه‌یمانه‌كانیان له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ عێراق و ڕایگەیاند: هاوبه‌شی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا زۆر گرنگه‌، له‌ ده‌ ساڵی رابردوودا سه‌ربازه‌كانی ئێمه‌ شانبه‌شانی سه‌ربازه‌كانتان كاریان كردووه‌ بۆ له‌ناوبردنی داعش.

بایدن وتیشی: ئێمه‌ چوارچێوه‌و رێكه‌وتنێكی ستراتیژیمان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه‌.

سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا سوپاسی محه‌مه‌د شیاع سوودانی كرد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی چاوی له‌ سه‌ربه‌خۆیی وزه‌ و ئابووری عێراقه‌.

 

لای خۆشییەوە محەمەد شیاع سوودانى سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: ئەم بانگهێشتەی ئێوە لەکاتێکی هەستیارو گرنگدایە، وێڕای سەرقاڵی ناوخۆیی ئەمریکا و دەرەوە، بانگهێشتەکە گرنگە، ئەمە دەرخەری گرنگی پەیوەندی هەردوو وڵاتە، پەیوەندیەکانى ئەمریکا و عێراق ڕەوتێکی بەهادار بەخۆیەوە دەبینێت.

وتیشی: ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانمان و بنەما سەرەکییەکانى پەیوەندییەکانمان دەکەین، ئەمەش لەڕێگەى پەیوەندییە سیاسی و سەربازی و ئابوری و کلتورییەکان دەبێت.

سودانى باسی لەوەشکرد، شەڕی دژی داعش بنەمای سەرەکی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا بووە و بەیەکەوەش ئەو شەڕەیان کردوە و بەیەکەشەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، کە هەموو عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانەوە قوربانیاندا بۆ سەرکەوتن بەسەر داعشدا.

سەرۆک وەزیرانى عێراق باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ عێراق بە قۆناغی ساڕێژبووندا تێپەڕ دەبێت و گەشەسەندن و پڕۆژەخزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە بەخۆیەوە دەبینێت.

وتیشی: ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەماندا باسی پەیوەندی درێژخایەن و هاوبەش دەکەین لەسەر بنەمای ڕێککەوتنى ستراتیژی دەکەین، لەبواری سەربازیدا بەرنامەیەکی داڕێژراومان داناوە و پابەندن دەبین بە ئەنجامی لیژنە ئەمنییە هاوبەشەکە کە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.

ئامانجی سەردانەکەی سوودانى بۆ ئەمریکا گفتوگۆ کردنە لەبارەى چەند پرسێک لەوانەش تاوتوێکردنی پرسی مانەوەى هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

هەر ئەمڕۆ سوودانى لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوەو بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پرسەکانی ئابووری و دەرفەتی وەبەرهێنان کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کاراکردنەوەی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و لیژنەی باڵای هاوئاهەنگیی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراوە.

لە ڕاگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە: باس لە شەڕی غەززە کراوە و جەختیان لەوە کردەوە کە رێگری لە فراوانبوونی شەڕەکە بکرێت.

هـ.ح

Comments are closed.