ئەپیكۆر: ئەمریكا داوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان بڵاوی كردەوە، پێشوازی لە گفتوگۆكانی نێوان عێراق و ئەمریكا لەبارەى دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان دەكەین، دەشڵێن، لە كۆبوونەوەی نێوان و سوودانی و ئەنتۆنی بلینكن، ئەمریكا داوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانى كردووە.

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان “ئەپیكۆر” لە بارەی ناوەڕۆكی گفتوگۆكەی محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، پێشوازی لە گفتوگۆكانی نێوان عێراق و ئەمریكا سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكەین و ئێمەش ئامادەین بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو حكومەتی هەرێم وعێراق بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

ئەپیكۆر ئاماژەی بەوەش كردووە، مەرجی ئێمە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەوەیە، پێویستە لەبارەى شاسیتە داراییەكانمان لە ڕێگەی نووسراوی فەرمییەوە دڵنیاییمان پێبدرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، كۆمپانیا ئەندامەكانی كۆمەڵەکەمان بە قەبارەی ١٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە سێكتەرەكانی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستاندا كردووە.

باس لەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، باس لە پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كراوە و بلینكن داوای كردووە ئەو پرۆسەیە دەستپێبكاتەوە.

بەهۆی بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە، پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە ڕاگیراوە، بەهۆی ئەوەی دەوڵەتی تورك بەبێ ڕەزامەندی بەغدا نەوتی هەرێمی كوردستانی فرۆشتووە.

هـ.ئ

Comments are closed.