“لە مێژوودا کەس وەک ڕێبەر ئۆجالان بایەخی بە ئیرادە و هەبوونی ژن نەداوە”

ڕاپەڕین

ژنانی دەڤەری ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنن، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ سەرکردەیەک وەک ڕێبەر ئۆجالان بایەخی بە ئیرادە و هەبوونی ژن نەداوە، بۆیە ژنان قەرزاری ئەون و دەشڵێن: لەوکاتەوەی ژنان بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان ئاشنابوون هەمیشە بەرەوپێش چوون و خەباتیان فراوانترکردووە.

لە فکر و فەلسەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دا ژن باڵاترین هێز و بزوێنەری کۆمەڵگەیە و پێشیوایە کە”تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگەش ئازاد نابێت” بە واتەى ژنی ئازاد کۆمەڵگەی ئازادە کە سەرچاوەى ئافرێنەری هەموو بوارەکانە لە ژێر ئەم درووشمەدا ڕێبەر ئۆجالان ژنی کردووە بە چەقی گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگەدا، لەم سۆنگەیەوە ئەمڕۆ ملیۆنان ژنی کورد و گەلانی دیکە ئیرادە و هێزی خۆیان لەو فەلسەفەیە وەردەگرن و بوونى خۆیان لە کۆمەڵگەدا سەلماندووە.

ئاواز ئیسماعیل
ئاواز ئیسماعیل

ژنانی ئیدارەی ڕاپەڕین، سەبارەت کاریگەرییەکانی فکری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ئازادیی و هەبوونی ژن بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

ئاواز ئیسماعیل سەبارەت بەو بابەتە وتی: لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ سەرکردەیەک وەک ڕێبەر ئاپۆ بایەخی بە ئیرادە و هەبوونی ژن نەداوە، بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ ژنان لە بەرەکانی جەنگدان، فەرماندەن و بەرگری دەکەن لە مافی کورد و ئیرادەی کورد.

لە درێژەی قاسەکانیدا ئاواز وتیشی: لە ڕۆژئاوای کوردستان ژنان هێز و ئیرادەی هەرچوار پارچەی کوردستانیان بەهێزتر کرد، هەر بەو فکر و فەلسەفەیەش شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا، لە باشووری کوردستان هەموو ئەوانەی لە دەوری فکری ڕێبەر ئۆجالان کۆبوونەتەوە خاوەنی ئیرادە و هێزی خۆیانن، هەر بۆیە ئێمە وەک ژنان قەرزاری ڕێبەر ئۆجالانین، بۆیە پێویستە لە هەموو بوار و شوێنێکدا داوای ئازادیی جەستەی ڕێبەر ئۆجالان بکەین.

ئەدیبە عەلی
ئەدیبە عەلی

هەروەها ئەدیبە عەلی ژنێکی ترە و سەبارەت بە کاریگەری فکری ڕێبەر ئۆجالان لەسەر ژنان وتی: بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان ژنان توانیان بەرخۆدان بکەن و هێزی داعش و داگیرکەرانیان تێکشکاند، چەندین ژنە شەهیدی پێشەنگمان هەیە کە ڕابەبایەتیان کردووە بۆ ژنان و لە ئێستاشدا ژنان لەسەر ئەو بنەمایە بەرگری لە دۆزی کورد و گەلانی بن دەست و ئازادیی خۆیان دەکەن.

ئەدیبە لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی دروستبوو، ژنان لە چوار دیوار و سیستمی پیاوسالاریی ڕزگاربوون و لە ئێستادا خەبات و بەرخۆدان و تێکۆشان دەکەن، لەوکاتەوەی ژنان بەو فکر و فەلسەفەیە ئاشنابوون هەمیشە بەرەوپێشەوە چوون و خەباتیان فراوانتر کردووە و ڕاستی ژنیان ناسیوە.

ش. ئـ

Comments are closed.