یەک ھەفتە ھەڵمەتی هۆشیاریی و ناشتنی نەمام لە ھەڵەبجە ئەنجام دەدرێت

هەڵەبجە

لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە، بۆ ماوەی یەک ھەفتە ھەڵمەتی دابەشکردن و ناشتنی نەمامیان لە شارەکەدا ڕاگەیاندووە، دەیانەوێت پێکەوە ھەمووان بەشداربن لە زیاد کردنی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکەدا.

ئەمڕۆ لە باخچەی شنە، لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجەوە، بە ھاوبەشی منداڵان و مامۆستایان ھەڵمەتێکی نەمام ناشتن بەڕێوەچوو، بە مەبەستی زیاتر هۆشیارکردنەوەی تێگەشتنی منداڵان بەرامبەر بە پاراستنی ژینگە.

سەرھەنگ عەبدولڕەحمان
سەرھەنگ عەبدولڕەحمان

سەرھەنگ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ھەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: لە ڕۆژی ژینگەی کوردستان، یەک ھەفتەمان تەرخان کردووە بۆ ھەڵمەتی هۆشیاریی و دابەشکردنی نەمام بەسەر ھاوڵاتییاندا، لەم ڕۆژەدا دەمانەوێت پێکەوە لەگەڵ ھاوڵاتییان بەشداربین بۆ زیاد کردنی ڕێژەی سەوزای لە ھەڵەبجەدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەرکی هەر تاکێکە ژینگە بپارێزێت و بەرەو باشتر پەرەی پێبدات.

وتیشی: خۆشبەختانە ٣٠ ھەزار نەماممان لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی عێراقەوە بۆ دابینکراوە، بۆ ئەوەی ژینگەی ناوچەکەی پێ سەوز بکەین، ئێمەش دابەشی دەکەین بەسەر ھاوڵاتییان و ناوەندە حکومییەکان، بەو مەرجەی پاراستنی نەمامەکان لە ئەستۆبگرن، ھەر ھاوڵاتییەک داواکاری پێشکەش بە فەرمانگەکەمان بکات نەمامی بۆ دابین دەکەین.

جێگەى ئاماژەیە، بە وتەى بەرپرسانى شارەکە لە ئێستادا ڕێژەی سەوزایی لە ھەڵەبجە زیاترە لە ١٢٪ ـەو بەردەوام لەلایەن لایەنە پەیوەندارەکانی شارەکەوە ھەوڵی زیاد کردنی ڕێژەکە دەدرێت.

ش. ئـ

Comments are closed.