تولای حاتەم: وەرن پێکەوە پرسی کورد و فەڵەستین چارەسەر بکەین

ناوەندی هەواڵەکان

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆلاری وتی: “پێکەوە هاوپەیمانی گەلان بەهێز دەکەین و دەنگی ئاشتیی دژی شەڕ بەرز دەکەینەوە، هەروەها بانگەوازیی کرد و وتی: وەرن پێکەوە پرسی کورد و فەڵەستین چارەسەر بکەین.

هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆلاری لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەی دەربارەی ڕۆژەڤە گەرمەکانی کوردستان و ناوچەکە قسەی کرد.

تولای حاتەم ئۆغۆلاری تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنە خۆجێیەکان و ڕایگەیاند، سەرەڕای فێڵی ئاکەپە و مەهەپە و هەموو فشارەکان و هەلومەرجی نایەکسان، سەرکەوتنی مەزن بەدەستهات و گەلانی تورکیا بەرامبەر سیاسەتی تاکپەرستیی و نکۆڵی وتیان بەسە، گەلانی تورکیا وتیان جیاکاریی و هەژاریمان ناوێت و لە ئاکەپە بێزاربووین.

حاتەم ئۆغۆلاری ئاماژەی کرد بە سەرکەوتنەکەی وان و ڕێگرتن لە هەوڵی زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وان و وتی: “وان سەرکەوتنێکی مەزن بوو، لە هەموومان پیرۆز بێت”، پاشان جەختی کردەوە نابێت ئەم سەرکەوتنە بە بەس بزانن، پێویستە پێشی بخەین.

تولای حاتەم ئۆغۆلاری جەختی کردەوە، لە ٣١ـی ئادار گەلی کورد ئیرادەی خۆی پێشخست و زیهنییەتی قەیوم شکستی هێنا، وتی: “گەل لە دژی سیستەمی قەیوم وتی “خۆم خۆم بەڕێوەدەبەم”، ئێمە بە ئیدارەی هەرێمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادیخوازیی ژن خۆمان بەڕێوەدەبەین، چەندێک سوپاسی گەلەکەمان بکەین، هێشتا کەمە.

تولای حاتەم ئۆغۆلاری تیشکی خستەسەر قەیران و شەڕە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕایگەیاند دەرکەوتنی شەڕی جیهانیی سێیەم مانای لەناوچوونی جیهانە و وتی: “لە سەردەمێکداین، وڵاتان هەڕەشەی چەکی کیمیایی لەیەکدی دەکەن، بڕوامان وایە لەم قۆناغەدا بێجگە لە ئاشتیی و دیالۆگ چارەسەرێکی تر نییە، ئەمڕۆ بەهۆی شەڕەکانی زیهنییەتی دەوڵەت-نەتەوەکانەوە گەل باجێکی قورس دەدات.”

تولای حاتەم ئۆغۆلاری جەختی کردەوە، پرسی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پرسی فەڵەستین و پرسی کوردە، ڕایگەیاند هەمیشە داوای چارەسەری بەپەلەی پرسی فەڵەستین و چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانەی پرسی کورد دەکەین، هەبوونی ستاتۆیەکی کوردان لە چوارپارچەی کوردستان مایەی ئاسوودەیی هەموو گەلانە و خزمەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات.

هەروەها ڕایگەیاند، بانگەواز لە گەلانی تورکیا دەکەین، وەرن پرسی کورد و پرسی فەڵەستین چارەسەر بکەین، لەم کایۆس و ئاژاوەیەدا دەڵێین، تاکە چارەسەر هاوپەیمانی گەلانە، لە ئاستی هەرێمیدا، چارەسەری هەرە گرنگ هاوپەیمانی کورد و تورک و کورد و عەرەبە، وەرن ئەم هاوپەیمانییە بەهێز بکەین، دژی شەڕخوازان، ئاشتیی و ئارامی بهێنینە هەرێمەکە، ئێمە وەک دەم پارتی هەمیشە بۆ ئاشتی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوین درێژە بە خەبات دەدەین.

ب.گ

Comments are closed.