“ژنانی باشوور دەبێت هێز لە سەرکەوتنەکەی باکوور وەربگرن”

سلێمانی

توانا و ئیرادەی بەهێزی ژنان یەکێک بوو لە هۆکارە کاریگەرەکانی ئەو سەرکەوتنە مەزنەی لە باکووری کوردستان بەدەستهات، داکۆکیکارێکی مافەکانی ژنانیش دەڵێت: پێویستە ژنانی باشوور هێز و وزە لەو سەرکەوتنەی باکوور وەربگرن، تا لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی هەرێمدا توانای خۆیان بسەلمێنن.

هەبوونی ژنان لە کایەی سیاسیی و پێگەکانی بڕیارداندا، کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر بەدیهێنانی گۆڕانکاریی لە دۆخی ژنان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە، هەڵبژاردنیش یەکێکە لەو ئامڕازانەی ژنان دەتوانن ببنە پێشەنگ تێیدا و سەرکەوتنی مەزن بەدەستبهێنن، هەروەک ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا بینرا.

لەو بارەیەوە دڵسۆز زەنگەنە، داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

دڵسۆز زەنگەنە پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی کرد، کە لە باکووری کوردستان بەدەستهات و وتی: پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کورد دەکەم ئەو سەرکەوتنە سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردە، لە هەرشوێنێک کورد سەرکەوێت؛ سەرکەوتنی گشتییە و هێز دەبەخشێتە باشوور.

وتیشی: وەک باشوور دەتوانین لەبری ئەوەی ئەزموونی وڵاتانی دیکە بهێنین و پشتی پێببەستین، دەتوانین بە چەندین ڕێگە سوود لە ئەزموونی باکوور وەربگرین و دەبێتە پاڵپشتێکی گەورە بۆمان و دەتوانرێت ئەو ئەزموونەی ئەوان بەشێوەیەکی سەرکەوتوانە لە کۆمەڵگەی خۆمان بەکاری بێنینەوە.

باسی لەوەشکرد، ئێستا ژنانی جیهان درووشمی ژنانی کورد دەڵێنەوە، کە “ژن، ژیان، ئازادیی”ە، بۆیە دەبێت هەمووان شانازی بەوەوە بکەن، هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی ڕۆڵ و پێگەیەکی کاریگەرتریان هەبێت لە کۆمەڵگەکەیاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە باشوور، کە دۆخێکی ناهەمووار و چەقبەستوو لە ئارادایە پێویستە ژنان زیاتر کار بکەن و کاریگەری درووست بکەن، چ لە ڕووی مەدەنییەوە یاخود سیاسییەوە بێت، دەبێت هەمووان ڕۆڵیان هەبێت، پێشەنگ بن و دەستپێشخەریی بکەن، بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی ئەرێنی بهێننە ئاراوە.

بۆ دەرچوون لەو دۆخەش هۆشیارکردنەوەی ژنان و تاکەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر ماف و یاساکان پێشنیار کرد وتی: زۆر گرنگە ژنان پشت بەخۆیان ببەستن، کاربکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی خۆیان دەربارەی مافەکانیان، هاوکات ڕێکخراو و دامەزراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنانیش دەبێت ڕۆڵی سەرەکییان هەبێت لەو پرسەدا.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ڕاستە گۆڕانکاریی لە کایەکاندا درووستبووە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیی نییە و وتی: پێویستە ژنان زیاتر تێبکۆشن و جێدەستی خۆیان دیاربخەن، کە ئەوەش لەڕێگەی سیاسەت و گۆڕانکاریی درووستکردن دەبێت لە یاساکاندا.

دەربارەی سیستمی بەڕێوەبردن و هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دڵسۆز زەنگەنە وتی: کۆتا ڕێبازێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دەنگی ژنان لە پەرلەمان و بنکەی یاساداناندا، نەک ٣٠٪ بەڵکو پێویستە بکرێتە ٥٠٪ چونکە دەزانین و بینومانە پێش کۆتا ژنان زۆر بەکەمی دەچوونە پەرلەمان، بەڵام لە ئەنجامی کۆتا سەرۆکی خولێکی پەرلەمان ژن بوو.

ئەوەشی ڕوونکردنەوە، کە کۆمسیۆن پێویستە ئەو ژنانەی، کە دەنگی پێویست دەهێنن و کورسیی پەرلەمان مسۆگەر دەکەن، لەسەر کۆتا هەژماریان نەکات، چوونکە ئەو ژنە بە لێهاتوویی و توانای خۆی ئەو سەرکەوتنەی بەدەستهێناوە، هاوکات ئەوەش وادەکات دەنگێکی زیاتری ژنان لە پەرلەماندا هەبێت.

داواشی کرد، ژنان دەنگ بەو کاندیدە ژنانە بدەن، کە ئەزموونیان هەیە، بە ئەقڵیەتی ژنێتی خۆیانەوە کار دەکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.