توێژەکانی سلێمانی: ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان پرۆسەی ئاشتی دەبووژێنێتەوە

سلێمانی

زیاتر لە سێ ساڵە گۆشەگیرییەکی تووند لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوە دەچێت و ڕێگە بە پارێزەر و خانەوادەکەی نادرێت سەردانی بکەن ئەوەش نیگەرانی لای گەل دروست کردووە، توێژەکانی سلێمانیش دەڵێن: پێویستە گەلی کورد بە یەک دەنگ داوای ئازادبوونی ڕێبەر ئۆجالان بکەن، چونکە ئەو دەتوانێت ئاشتی بهێنیتە ئاراوە و ڕێبەرایەتی گەلەکەی بکات بۆ ئازادیی.

عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کوردە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە لە پێناو فکر و فەلسەفەکەی و ئازادیی گەلەکەی لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیر کراوە، لە ماوەی ئەو ساڵانەدا زیندانی کردە شوێنی چارەسەری پرسی کورد و ئەوەی سەلماند زیندان لای ئەو واتە ئیرادە و تێکۆشان، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کلیلی چارەسەرەی پرسی کورد لە ئیمرالییە و لای ڕێبەر ئۆجالانە.

سەبارەت بۆ گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان، و گرنگی بەدەستهێنانی ئازادیی جەستەی ڕێبەر ئۆجالان بۆ گەلی کورد و پرسی چارەسەری، هەر یەکە لە ئاوات ڕەشید مامۆستا و بەرهەم کاکە زاڵی نووسەر، بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیووز دەدوێن.

ئاوات ڕەشید
ئاوات ڕەشید

ئاوات ڕەشید، مامۆستایەکی شاری سلێمانییە و بە ڕۆژنیوزی وت: وەک کوردێک داوا دەکەم لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، کە گوشاری زیاتر بخەنە سەر دەوڵەتى تورک، تا بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت، تا بە ئازادیی ژیان بکات و ڕێبەرایەتی گەلی کورد بکات، مافی ئەوەی هەبێت لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی بژیێت.

وتیشی: پێشەوا قازی محەمەد پێش لە سێدارەدانی دەڵێت: “ئێوە بە لە سێدارەدانی من کۆتایی بە شۆڕش و کوردایەتی ناهێنن”، ئێمەش ئێستا ئەوە دەڵێین، بە زیندانی کردنی ڕێبەر ئۆجالان ناتوانن کۆتایی بە شۆڕش و کوردایەتیمان بهێنن، شۆڕشیش بەردەوام پەرە دەستێنێت.

هەروەها ئاوات ڕەشید، باسی لە هۆکارەکانی گۆشەگیرکردن و زیندانیکردنی ڕێبەر ئۆجالان کرد و وتی: هۆکاری ئەم گۆشەگیری و زیندانیکردنەی ڕێبەر ئۆجالان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ڕێبەر ئۆجالان دەرچووی فێرگەیەکی کوردایەتییە، کە خاڵییە لە خۆفرۆشتن و قبوڵکردنی ژێردەستەیی دوژمن، ئەمەش وایکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە ڕێبەر ئۆجالان بترسن، هەرچەندە لە ناو زیندانەکاندا ڕێبەر ئۆجالان گەورەتر دەبێت و فکر و فەلسەفەی زیاتر بڵاو دەبێتەوە، ناوی لە دڵی هەر چوارپارچەی کوردستاندا بە زیندووی دەمێنێتەوە.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەرکی ئێمەیە هەوڵ بدەین و داوا بکەین، کە بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت، چەندەها ساڵە ئەم سەرکردەیە خۆنەویستانە لە زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدایە، ئێستاش کاتی ئەوەیە ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی وەک هەموو سەرکردەکانی دیکەی جیهان ئازادانە ژیان بکات و ڕێبەرایەتی میللەتەکەی خۆی بکات، لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا.

بەرهەم کاکە زاڵ
بەرهەم کاکە زاڵ

هاوکات، بەرهەم کاکە زاڵ، نووسەر و ڕۆشنیری شاری سلێمانی، لەبارەی گۆشەگیرکردنی و گرنگی بەدەستهێنانی ئازادیی جەستەی ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: وا سێ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر گۆشەگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالاندا لە زیندانی ئیمرالی، ئەمە بۆ خۆی کاریگەرییەکی زۆری دروست کردووە لەسەر سستبوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا، بەپێی بۆچونەکانی تەواوی دونیا ئازادیی تاکەکەسی سەرچاوەیە بۆ ئازادیی گشتیی، ئێستا ئەو ئازادییەی، کە لە تورکیادا هەیە، ئازادییەکی سەرکوت کراوە بە دەستی حکومەتی فاشیستی ئەردۆغان.

وتیشی: ئەوەش وایکردووە، کە پرۆسەی ئاشتی کورد لە دەستووری تورکیادا پرۆسەیەکی سست بێت، لەبەر ئەوەش تا ئازادیی بێ مەرج بۆ چالاکوانانی سیاسی لە باکووری کوردستان دروستنەبێت، ئەو پرۆسەی ئاشتییە هەر بەو جۆرە سستەیی خۆی بەردەوام دەبێت.

بەرهەم کاکە زاڵ، ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا بە دڵنیایەوە ئێمە دەیبینین لە دونیای سیاسەتدا، تورکیا دەوڵەتێک بووە، بە دەستوورەکەی خۆی مافی گەلی کوردی وەک گەلێکی بندەستەش سەیرنەکردووە، ڕێبەر ئۆجالانیش، وابەستەی ئەو زنجیرە سستییەی پرۆسەی ئاشتی تورکیایە، هەر بۆیە بە بەرقەراربوونی ئاشتی و ئازادیی بۆ سەرۆک ئۆجالان و سەڵاحەدین دەمیرتاش، بەدڵنیایەوە پرۆسەی ئاشتی گورج و گۆڵ تر دەکاتەوە و بەرەوپێشەوە دەچێت، کە لە ئێستادا پڕۆسەی ئاشتی پێویستییەکی گرنگە بۆ دەوڵەتی تورکیا.

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، هیچ گەلێک نییە بەبێ ڕابەرەکەی بتوانێت دەوڵەتداریی بکات، ئێمە دەڵێین، “بێ سەرۆک ژیان نابێت”، چونکە سەرۆک هەمیشە درێژە بە ژیان دەدات و بۆ بازنەی دەوڵەتداری گرنگە، زۆرێک لە ڕێبەران ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەرە و پێش چوونی دۆزی نەتەوەیی کورد، بەتایبەتی سەرۆک ئۆجالان، لە دیموکراسی کردنی ئازادیدا پێمان دەڵێت، کە ئەوە سەرۆکە دەوڵەت بەڕێوە دەبات.

ماوەی چارەکە سەدەیە کە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتییدا بە بەشداری هەریەک لە ئەمریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا، تورکیا و ناتۆ، لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕفێندرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا و لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیر کراوە، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە، گۆشەگیریی توند لە دژی بە ڕێوەدەچێت و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازاندرێت.

ش. ئـ

Comments are closed.