کەمئەندامان: دۆخمان زۆر خراپە و چیتر قەبووڵی ناکەین

ناوەندی هەواڵەکان

ئەنجوومەنی باڵای ڕێكخراوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوای زیادکردنی مووچەکانیان کرد و ڕایانگەیاند، دۆخمان زۆر خراپە و چیتر قەبووڵی ناکەین.

ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی باڵای ڕێكخراوی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لە بینای کۆمەڵەی كورتەباڵاكان، لە سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لەسەر پرسی زیادكردنی مووچەکانیان و خراپی دۆخیان ئەنجامدا.

سامان حسێن، وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ڕێكخراوە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری زیادکردنی مووچەی کەمئەندامانی دەرکرد لە ١٧٠ هەزارەوە بۆ ٢٥٠ هەزار، ئێمە وەک ئەنجوومەنی ڕێکخراوی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان، ئەمڕۆ لەسەر ئەو بابەتە کۆبووینەوە و بە هەموو خاوەنپێداویستییە تایبەتەکانی کوردستان ڕادەگەیەنین کە ئەو بڕیارە ئێمە ناگرێتەوە.

وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارماندا کە هەفتەی داهاتوو شاندێکمان بچێتە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنەکان و پەرلەمانی عێراق و هەندێک لە بەرپرسانی حزبی و حکومی کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بهێنینە هەرێمی کوردستانیش، چونکە دۆخی کەمئەندامان زۆر زۆر خراپە، بێزاربووین ئیتر بەسە، نابێ چیتر بە سواڵ و خێر کەمئەندامان بەخێوبکرێن، بەسە ئەوەندە داوا لە سەرمایەداران و خێرخوازان بکەین، دەبێت حکومەتی هەرێم ئەوەندە هەست و نرخی هەبێت کە کەمئەندامان لەم دۆخە دەربکات.

هەروەها جەختی کردەوە لێرەوە داوا دەکەین لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتیی دەکەین کە داوا لە وەزارەتی چاودێری کۆمەڵایەتیی عێراق بکات، کەمئەندامانی کوردستانیش وەک ئەوانەی عێراق مووچەکانیان زیاد بکرێت، چونکە تەنها١٥٠ هەزار دینار وەردەگرین.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، ماوەی دوو ساڵە ١٤ بۆ ١٦ هەزار کەمئەندام، ڕێکارە یاساییەکانیان تەواوبووە و هەر ئەوە ماوە مووچەکانیان بۆ ببەسترێت، بەڵام دوو ساڵە دەستی دەستییان پێ دەکەن، وەزارەتی کار ناردوویەتییە ئەنجوومەنی وەزیران ئەوانیش ناردوویانەتە ئەنجوومەنی بڕیاردان، هەتا ئێستا مووچەکانیان نەبەستراوە.

وتیشی: داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین بە زووترین کات مووچەی ئەو چەند هەزار کەمئەندامە ببەسترێت، چونکە ئەمە جۆرێکە لە گاڵتە کردن بە هەستی کەمئەندامان، هەروەها ڕۆژانە بڕیاری پێذانی زەوی و شایستەی دارایی لە عێراق دەردەچێت بۆ کەمئەندامان بەڵام هیچیان کەمئەندامان ناگرێتەوە.

لە کۆتاییشدا ڕایگەیاند، ئێمە چیتر قەبووڵی ناکەین کەمئەندام لەو دۆخەدا بژی لەو دەردەسەری و بێ پارەیی و مووچە کەمییەدا، ئێستا لە نێوان بەرداشی حکومەتی عێراق و هەرێم گیرمان خواردووە و کەسیان خۆیان ناکەنە خاوەنمان، بۆیە ڕووی دەممان لە حکومەتی هەرێم دەکەین، چیتر بەسە و ناتوانین قەبووڵی بکەین.

ب.گ

Comments are closed.