ڕۆژی یەکەمی پرسەی شەهید دڵخواز گەرمیانی بەڕێوەچوو

گەرمیان

لە گەرمیان ڕۆژی یەکەمی پرسەی شەهید بینەر ناسراو بە دڵخواز گەرمیانی بەڕێوەچوو، ئەندامێکی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانیش دەڵێت: شەهید بینەر خەباتی بۆ ئاشتیی و ئازادیی گەلەکەی کرد دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

ئەمڕۆ، لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ڕۆژی یەکەمی مەڕاسیمی پرسەی شەهید بینەر فایەق ناسراو بە دڵخواز گەرمیانی بەڕێوەچوو، کە لە ٣١ـی ئاداری ئەمساڵ لە چیای زاب شەهید بوو، لە بەرخۆدانی دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.

لە یەکەم ڕۆژی پرسەکەیدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی گەرمیان و ئازادییخوازانی هەرچوار بەشی کوردستان و ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی و کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان بەشداربوون.

عەبدولوەهاب ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی باشووری کوردستان لە مەڕاسیمەکەدا بە ڕۆژنیوزی وت: سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ شەهید دڵخواز و تەواوی شەهیدانی گەلەکەمان بە تایبەتی شەهیدانی گەرمیان، کە لە ئێستادا چەند ڕۆژێکە ساڵیادی ئەنفال تێپەڕیوە و ئەم دەڤەرە زۆرترین قوربانی داوە لەو کارەساتە، گەرمیان خاوەن هێز و ئیرادەیەکی لەبن نەهاتووە بەرانبەر بە دووژمنان و بەخوێن ئەمە سەلمێنراوە.

وتیشی: شەهید دڵخوازیش یەکێکە لەو گەنجانەی کە لە گەرمیانەوە بەرخۆدانی کردووە بەرانبەر بە دووژمنانی کورد و دەوڵەتی داگیرکەری توورک، کە خاک و ئاوی ئێمەی داگیرکردووە و دەیسووتێنێ و جینۆسایدمان دەکات، شەهید دڵخواز یەکێکە لە شەهیدانی باشوور کە بۆ خەباتی نەتەوەیی و ئاشتیی گەلەکەی بەرخۆدانی کردووە.

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەش کرد، گەلەکەمان دەبێت یەکڕیز بێت و لە تێکۆشاندا خۆمان ڕێکبخەین، لەبەر خاتری شەهیدەکەمان یەکێتی نەتەوەیی درووستبکەین و خاوەنداری لە شەهیدان بکەین، ئەگەر وانەکەین هەرچیمان هەیە لەدەستی دەدەین.

ب.گ

Comments are closed.