لە شنگال جەژنی چوارشەمەی سەرەتای نیسان پیرۆز کرا

ناوەندی هەواڵەکان

ئێزدییەکانی شنگال لە باخچەی سەرۆکایەتیی لە دۆڵی کەرس، جەژنی چوارشەمەی سەرەتای نیسانیان بە ئاهەنگێک پیرۆز کرد.

خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شنگال، جەژنی چوارشەمەی سەرەتای نیسانیان، لە دۆڵی کەرسی شنگال بە ئاهەنگێکی جەماوەریی و بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان، بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز کرد.

 ئاهەنگەکە بە درووشمی “بە یەکێتی ئێزدیان و بە ڕۆحی چوارشەمەی سەرەتای نیسان، خۆبەڕێوەبەریی شنگال دادەمەزرێنین” بەڕێوەچوو، شوێنی چالاکییەکە بە گوڵی نیسان ڕازێنرایەوە و ئێزدییەکان بە جلوبەرگی ڕەسەنی خۆیانەوە بەشداربوون.

لە ئاهەنگەکەدا لەسەر ناوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال، نایف شەمۆ ڕایگەیاند بەهیوام هەموو ڕۆژێکمان بەم جۆرە بێت، ئەم ڕۆژە گرنگ و پیرۆزە چونکە جیهان لەم ڕۆژەدا ئافرێندراوە و وتی: “ئەم ڕۆژە لە هەموو ئێزدییان و جیهان پیرۆز دەکەین، ئەم ڕۆژە لە بنەماڵەی شەهیدان و شەڕڤانانی سەر چیاکان پیرۆز دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، ئەم جەژنە لە سەرۆکمان پیرۆز دەکەین و سڵاو لە بەرخۆدانی ئیمراڵی دەکەین”.

پاشان گرووپی هونەریی چیای شنگال چەند بەرهەمێکی دەنگبێژی و گۆرانییان پێشکەش کرد.

پاشان پەیامی ماڵی ئێزدییانی هەرێمی جەزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خوێنرایەوە، لە پەیامەکەدا جەژنی ئێزدییان پیرۆز کرا و تێیدا هاتبوو، “بە هیواین ئەمساڵ ببێتە ساڵی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی شنگال، ئەم جەژنە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدیی و هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە پیرۆز دەکەین، هیوادارین ساڵی ئایندەش هەمووان ئازادانە جەژنەکەیان پیرۆز بکەن”.

لە کۆتاییشدا ئامادەبووان شایی و هەڵپەڕکێیان کرد و شانۆگەرییەک لەبارەی جەژنی چوارشەمەی سەرەتای نیسان نمایش کرا و چەند شیعرێک خوێندرایەوە.

ب.گ

Comments are closed.