كێ ژنەكان دەكوژێت؟

شاناز هیرانی

بڕیاردان لەسەر چارەنووسی مرۆڤ بە (كوشتن) هەروا سانا نییە و كەسی ئاسایی ناتوانێت ئەم بڕیارە قورسە بدات، ئەگەر لەناو خودی خۆیدا لە جەنگێكی دژواردا نەبێت!

هەرگیز لەخۆمان پرسیوە ئەوانە كێن؟ باوک و براو هاوسەر و…هتد ن یان هەموو كۆمەڵگەكە بۆتە كۆمەڵگەی ژنكوژەكان؟ چونكە سەرەتا ژنەكە بە دەستی كەسێكی نزیكی دەكوژرێت و دواتر دەكرێتە بابەتێكی كۆمەڵایەتی و پەردەپۆش دەكرێت بە بیانوو و پاساوی جیاجیا.

هەر ئەوەشە وا دەكات بابەتەكە ببێتە ڕاگوزەر و زوو كپ بكرێتەوە و بە پاساوی بابەتی (كۆمەڵایەتی) بوونی، بێ دەنگی لێبكرێت.

كێشەكە هەر ئەوەش نییە، بەڵكو دەگەرێتەوە بۆ تێنەگەیشتنی مرۆڤ لەخۆی و تێنەگەیشتن لە بەهای كەسی بەرامبەر، كە تا ئێستا وەک مرۆڤ سەیری ئەوی تر ناكات، بەڵكو كائینێكی لاوازتر و بن دەستە و بۆی هەیە چارەنووسی یەكلابكاتەوە بەوەی خۆی دەیبینێ، بەڵام ژنكوژەكان تەنیا باوک و برا و هاوسەرەكان نین، زۆرینەی ئەو خەڵكەن كە ڕەوایەتی دەدەن بە ژنكوشتن و لە كەلتووری كۆمەڵگەوە ئەو دیدە هەڵدەقوڵێ و سەرچاوەكەشی ئەو نا تێنەگەیشتنەیە كە بۆ خودی مرۆڤبوون هەیە.

هەرگیز بڕیاردان لەسەر چارەنووسی مرۆڤ بە (كوشتن) هەروا سانا نییە و كەسی ئاسایی ناتوانێت ئەم بڕیارە قورسە بدات، ئەگەر لەناو خودی خۆیدا لە جەنگێكی دژواردا نەبێت! بێگومان هۆكار زۆرن و زۆریش باس دەكرێن، كە ئاخۆ ئەو مرۆڤە بۆ گەیشتۆتە ئەو جۆرە بڕیارە، هەڵەكە و هۆكارەكە و عەقڵەیەتەكەش دیارە، ئەی میكانیزم چییە بۆ ڕێگری كردن؟

من هەمیشە بیر لەوە دەكەمەوە ئاخۆ ئەو كەسەی دەستی دەچێتە خوێنی كەسێكی هەرە نزیک لە رۆح و جەستە و ژیانی، لەو ساتەدا هەست بەچی دەكات؟

بە شەرەفمەندی و ئازایەتی و ئاسودەیی؟ چونكە ئەو هەستانە كاتێک لای مرۆڤێكی ئاسایی دروستدەبن كە كارێكی مەزنی ئەنجام دابێت، بەڵام بڕیاری كوشتنی مرۆڤێک چ شەرەفێک و ئازایەتی و ئاسودەییەک دەبەخشێت؟

لێسەندنەوەی ژیان و بێبەشكردنی مرۆڤێک لە ژیانكردن بەهەموو پێوەرێک كاری خودای گەورە و قەدەر و چارەنووسە، هیچ رۆح لەبەرێک ئەو مافەی نییە بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمان لە ژیاندا بۆ كەسێكی تر بدات. هەموو عورف و یاسا و ڕێسا و تەنانەت ئایینەكانیش جەختیان لەوە كردۆتەوە.

تاكی ئێمە وا فێركراوە یاخود وا پەروەردە كراوە كە خۆی بە فلتەری هەڵە و كەموكووڕی و نەنگییەكانی ڕەگەزی مێ داناوە و ڕەوایەتی بەخۆی دەدات، مادام تۆ نێریت كەوایە حاكم و بڕیار بەدەستی، ئەو عەقڵەیەتە وا لە تاكی ئێمە دەكات لەهەر بارودۆخێكدا ببن بە كەسی پاڵەوان، بۆیە تا ئەو جۆرە بیركردنەوە و ئایدیایە بنبڕ نەكرێت، هەموو ڕۆژێک پاڵەوانێكی (نێر) دەبێتە بكوژێكی پاڵەوان..

ش.ئـ

Comments are closed.