فیستیڤاڵی گژوگیا بەهارییەكان بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ لە هەورامان بەڕێوەدەچێت

هەورامان

بە ئامانجی گرنگییدان بە گژوگیا بەهارییەکان و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجانی ناوچەكە، فیستیڤاڵی گژوگیا بەهارییەكان لە سنووری هەورامان بەڕێوەدەچێت، كنگر، پیچك، ڕێواس، مەنێ‌ و چەندین گژوگیای دیكەیی سرووشتی ناوچەكەی تێدا ساغدەكرێتەوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ئەمین زەڵمی
ئەمین زەڵمی

ئەمڕۆ، لە شارۆچكەی خورماڵی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە، بە بەشداری نزیكەی ٦٠ خاوەنكار، یەکەمین ڕۆژی فیستیڤاڵی گژوگیا بەهارییەكانی سنووری هەورامان بەڕێوەچوو.

ئەمین زەڵمی، سەرپەرشتیاری فیستیڤاڵەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڤیستیڤاڵەكەمان بۆ ماوەی سێ‌ ڕۆژ بەردەوامی دەبێت، ئامانجمان لێی ڕەخساندنی هەلی كارە بۆ ئەو گەنجانەی لەبەر بێكاری دەچنە شاخەكانی هەورامان بۆ پەیداکردنی گژوگیا بەهارییەکان، ئێمەش لێرەدا بێبەرامبەر شوێنمان بۆ دابینكردوون بۆ ئەوەی بە نرخی بازاڕ بیفڕۆشنەوە.

بەرهەمە گیاییەكان وەك دەرمان وان سوودیان زۆرە بۆ تەندروستی مرۆڤ

خالید عوسمان
خالید عوسمان

هەروەها، خالید عوسمان، بەشداربوویەكی فیستیڤاڵەكەیە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: من خۆم بەشدارییمكردووە بە گیا بەهارییەكانی كنگر و پیچك و بەڕەزا و مەنێ‌، گیاكان هی شاخەكانی ناوچەی هەورامانە لێرە دەیفرۆشین بە هاوڵاتییان، بەدەر لە فرۆشتنەكەی بەرهەمە گیاییەكان وەك دەرمان وان سوودیان زۆرە بۆ تەندروستی مرۆڤ.

وتیشی: فیستیڤاڵەكە زۆر سوودی هەیە بۆ ئێمە لێرەدا بەرهەمەكانمان ساغدەكەینەوە دەیفرۆشین بە كڕیار، نرخەكانیش لە هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا چوار هەزار.

 

ب. جـ

Comments are closed.