ژنە شێوەکارێک لە گڵ هونەرێکی ناوازە دەنەخشێنێت

سلێمانی

ژنان لە هەر بوارێکدابن توانا و لێهاتووییەکی تایبەتیان هەیە و کاری جیاواز ئەنجام دەدەن، سۆزە شێوەکارێکە کە لە گڵ هونەرێکی ناوازە دەنەخشێنێت و هەر بە هونەرەکەی بووەتە پێشەنگ بۆ ژنانی گەنج.

سۆزە ساڵح، شێوەکارێکی شاری سلێمانییە، کە ماوەی ١٦ ساڵە لە گڵ هونەری سیرامیک دەئافرێنێت و ئەندێشەکانی دەکاتە پارچەیەکی بەرجەستە، کە لە هەر جێیەک دابنرێت جوانیی و تایبەتمەندییەک پێ دەبەخشێت.

سۆزە ساڵح
سۆزە ساڵح

ئەو کارانەی سۆزە لە گڵەوە دەیان نەخشێنێت، پێکهاتوون لە پارچەی ناوازە بۆ جوانکاری ناو ماڵ و بەشێوەیەکی فۆلکلۆر و ڕەنگاوڕەنگ ڕازاونەتەوە.

سۆزە باسی لەوەکرد، ئامانجییەتی توانای ژنان پیشانی کۆمەڵگە بدات، هەروەها بژێوی ژیان بۆ خۆیی و چەند ژنێکی دیکەش دابین بکات.

ئەو ژنە شێوەکارە دەربارەی هونەرەکەی وتی: هونەری سیرامیرک چەندین جۆری هەیە، کە بریتین لە (ڕاکۆ، سمۆک فایرین و ستۆنوێرمان) هەریەکە و جۆرێکی جیاوازە و جوانییەکی تایبەت بە خۆیان هەیە.

سۆزە سەرەنجی ڕاکێشاین بۆ تایبەتمەندییەکی چێژبەخش لە کارەکەیدا و ئاماژەی بەوەکرد، جیاوازیی هونەری سیرامیک لەوەدایە هەندێک جار تا تەواوبوونی کارەکە ناتوانرێت پێشبینی بکرێت، کە ڕەنگ و شێوەکان چۆن دەردەچن.

بۆ ئەوەش نموونەی کارکردنی بە (ڕاکۆ) هێنایەوە و وتی: لە ئیشی ڕاکۆدا سەرەتا ئەو شتەی دەمانەوێت دوورستی دەکەین، دواتر دەیخەینە ناو ئاگردانەوە بۆ ماوەی چەند خولەکێک، ئینجا دەری دەهێنێن و دەیخەینە ناو ئاوی ساردەوە و پاکی دەکەینەوە، لە کۆتایدا ڕەنگێکی زۆر جوان دەردەچێت، بەشێوازێکە هەندێک جار خۆمان پێش بینی ناکەین بەو شێوازە دەربچێت.

لە کۆتایدا سۆزە ساڵح وتی: ئامۆژگاری من بۆ ژنان ئەوەیە کاربکەن، جا هەرکارێک بێت کە خۆیان حەز و ئارەزوویان بۆی هەبێت، باشترین شت بۆ ژنان ئەوەیە لەسەر پێی خۆیان بووەستن.

بۆ زیاتر دەرخستنی ناوازەیی کاری سیرامیک، گفتوگۆمان لەگەڵ یەکێک لە خوێندکارەکانی سۆزە ساڵح کرد بە ناوی تابلۆ محەمەد و وتی: ماوەی ساڵێکە

تابلۆ محەمەد
تابلۆ محەمەد

سەرقاڵى کاری سیرامیکم، تەنیا وەک خولیا و ئارەزویەکی خۆم دەیکەم، من هیچ بەشێکی هونەریم تەواو نەکردووە.

باسی لەوەشکرد، کاری سیرامیک کارێکی چێژ بەخشە و جوانە، بۆیە پێویستە هەموو کەسێک تاقی بکاتەوە، ئەگەر بۆ جارێکیش بێت.

پەیامی بۆ ژنان ئەوە بوو، کە هەرگیز ڕانەوەستن و بەردەوام هەوڵی گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوون بدەن.

تابلۆ وتیشی: دەمەوێت کاتەکانم بە شتێکی بەسوود بەسەربەرم، بۆیە پاش دەوامی بەیانیان، لە کاتەکانى ئێواراندا دێمە ئێرە و کات لەگەڵ ئەم هونەرەدا بەسەر دەبەم، چونکە ئێمە ناژین بۆ ئەوەی بمرین دەژین بۆ ئەوەی بمێنینەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.