لەگەرمیان بە مەراسیمێکی شکۆدار ڕێز لە گیانی شەهید شەڕگەر جاف گیرا

گەرمیان

بەئامادەبوونی كەسوكار و هاوڕێ و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی، مەراسیمی شەهید شەڕگەر جاف بەڕێوەچوو و خانەوادە و هاوڕێیانی بەڵێنی درێژەدانیان بەڕێبازی شەهید دووپات کردەوە و دایکی شەهید شەڕگەریش دەڵێت: : ئێمە سەربەرزین بە شەهیدبوونی ڕۆڵەكەمان لەپێناو خاك و گەل و وڵاتدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لەبەردەم ماڵی شەهید، لەشارەدێی ڕزگاری سەربە ئیدارەی گەرمیان، مەراسیمی ماڵئاوایی هەمیشەیی بۆ شەهید سەروەت حەسەن ناسراو بە شەهید شەڕگەر جاف بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ئازادی كوردستان و شەهید شەڕگەر دەستى پێکرد.

دواتر جومعە كەریم، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان وتاری تەڤگەری خوێندەوە و وتی: لەمێژووی گەلەكەماندا هیچ كات وەكو ئەم ١٠٠ ساڵەی دوای هێڕشی لەناوبردن و قڕكردنی گەلی كورد ڕووینەداوە بەدەستی دوژمنانی گەلەكەمان، دیارە ئەوەی هێشتوویەتی گەلی كورد تاوەكو ئێستا لەسەر پێی خۆی بوەستێت و لەناونەچێت، خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی هەڤاڵ شەڕگەر و هەڤاڵانی دیكەیەتی كە تاوەكو ئەم ساتەش لەسەنگەری بەرگریدان دژ بە دەوڵەتانی داگیركەر.

وتیشی: بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە لەسەر ڕێ و ڕێبازی شەهید شەڕگەر و هەموو شەهیدانی دیكەی ڕێگای ئازادی بەردەوامین و نەهێڵین كاروانەكەیان ڕاوەستێت، تاوەكو گەشتن بەئازادی و دەستەبەركردنی تەواوی مافەكانی گەلی كورد و هەموو گەلانی بندەست.

دوای وتنەوەی دروشمی شەهید نامرێت، شەڕگەر نامرێت، وەهاب ئەحمەد، بەناوی كۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەكەكە لەباشوور وتی:  شەهید شەڕگەر یەكێكە لەو شەهیدانەی گیانی خۆی بۆ ئازادی فیداكرد، درێژە بەڕێبازی شەهیدان دا و دواجار خۆشی بووە یەكێك لەپیرۆزی ئەو ڕێبازە، شەهید شەڕگەر پەیامی دا بەئێمە، كە هەموو یەكبین، پێویستە لەسەر ئێمەش بەڵێن بە پەیامی شەهیدان بدەین و درێژە بەڕێبازیان بدەین.

لەكۆتایی مەراسیمەكەشدا، دایە ڕەعنە، دایكی شەهید شەڕگەر، بەناوی بنەماڵەی ئەو شەهیدەوە وتی: ئێمە سەربەرزین بە شەهیدبوونی ڕۆڵەكەمان لەپێناو خاك و گەل و وڵاتدا، دەبێت وڵاتان بێنە دەنگ و ڕێگە بە دەوڵەتی توركی داگیركەر نەدەن، هێرشمان بكاتە سەر و ڕۆڵەكانمان شەهید بكات و جەرگی دایكان بسوتێنێت.

شەهید سەروەت حەسەن ناسراو بە شەڕگەر جاف، لەساڵی ٢٠١٤دا، بەشداری ڕیزەکانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەبێت، پاش بەشداربوونی لەچەندین داستانی بەرگریی لە باکووری وڵاتدا، لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە ناوچەی بەستای هەرێمی بۆتانی باکووری کوردستان، لە ١٧ی ئەم مانگە لەگەڵ سێ هەڤاڵی دیکەیدا دەگات بە کاروانی شەهیدان.

ه.ح

Comments are closed.