٤٤ ساڵ لەمەوبەر خومەینی بە فتوایەک خوێنی کوردی حەڵاڵ کرد

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ٤٤ ساڵ بەسەر دەرکردنی فتوای جیهاد لەلایەن خومەینییەوە دژ بە کورد تێدەپەڕێت، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا خومەینی وەڵامی سەرەتاییترین و ڕەواترین داواکاریی گەلی کوردی، بە حەڵاڵ کردنی خوێنیان و دەرکردنی فتوای جیهاد لە دژیان دایەوە، کە بریتیبوو لە دیموکراسیی و مافی خۆبەڕێوبەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بە ڕاگەیاندنی شەڕ لە دژی کورد و ڕەوانەکردنی هێزی سەربازیی و ناردنی “حاکمی شەرع” ‌بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان،‌ تاوانەکانی ئێران لە دژی گەلی کورد دەستپێکرد، “سادق خاڵخاڵی” کە وەکو حاکمی شەرع ڕەوانەی کوردستان کرابوو، لە بیرەوەریەکانیدا نووسیویەتی: “هیچ پەشیمان نییە لەو سزای لە سێدارەدانانەی بەسەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامییدا سەپاندوونی و دەشڵێت: هێشتا کەمە! ”

بۆ ئەو فتوایە دژ بە کورد درا؟

ڕۆژی ـ٣١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٩ ڕیفراندۆمی سەرتاسەری لە ئێران بەڕێوەچوو بۆ پەسەندکردنی کۆماری ئیسلامی، ڕێفراندۆمەکەش ئەمە بوو؛ “کۆماری ئیسلام ئا یان نا”، گەلانی ئێران تا ئێستا شتێکیان بەناوی کۆماری ئیسلامی نەبیستبوو و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیش لەسەر ئەو سیستمە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە نەدرابوو، بەڵام گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باش لە ناوەڕۆکی ئەو دەسەڵاتە تێگەیشتبوون و لەو ڕیفراندۆمەدا زۆرینەی کورد، دەنگی “نا”ـیان بە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی دا.

لەو بارەیەوە “مامۆستا شێخ عزەدین حسێنی” (لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) لە بەیاننامەیەکدا، کە لە ڕۆژنامەی “کەیهان” ڕۆژی ٢٨ـی ئازاری ١٩٧٩ چاپ کرا و بڵاوکرایەوە نووسیبووی: “بەهۆی ئەوەی ناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامی ناڕوون و نادیارە، بە تایبەت لە ڕوانگەی دیاریکردنی مافی چارەنووس و تەوەری خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لە چوارچێوەی ئێران-دا، خۆمان لە بەشدارییکردن لەو ڕیفراندۆمە دەپارێزین”.

لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیی و بۆشایی هێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی ناوەندە سەربازییەکان کەوتبوونە دەستی خەڵک و هێزە کوردییەکان، لەو ماوەیەدا ناوبەناو شەڕ لە نێوان هێزەکانی دەسەڵاتی ئێران و هێزە کوردییەکان ڕووی دەدا، ئەنجوومەنەکانی شار و گوند چالاک بوون و خەڵک خۆیان بەڕێوە دەبرد، ئەمەش وایکرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران کینەیان لە کورد، بکەنە مایەی هێرش و کۆمەڵکوژیی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕۆژی ١٩ـی ئابی ١٩٧٩ کە هێشتا ساڵێک بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێران-دا تێنەپەڕیبوو، دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ‘ڕۆحوڵا خومەینی’ فتوای جیهادی دژ بە کورد دەرکرد.

خومەینی لەو فەرمانەیدا نووسیویەتی: “ئێستا هەواڵم پێگەیشتووە کە ئەرتەشییەکان (سوپای ئێران) و دامەزراوەکانیان گەمارۆدراون و ئەگەر تا نیو کاتژمێری دیکە کۆمەکیان پێنەگات، بێچەک دەکرێن، بە جەختکردنەوەوە فەرمان دەدەمە هەموو هێزە چەکدارەکان بەرەو بنکە سەربازییەکانی دەوروبەری سنە بەڕێ بکەون، پاسدارەکان لە هەر شوێنێک هەن، بەرەو سنە و کوردستان سەفەربەرببن، بە توندی هەموو ئاژاوەگێڕەکان سەرکوت بکەن، دواکەوتن تەنانەت بە ئەندازەی کاتژمێرێکیش لادانە لە ئەرکەکان و بە توندی سزا دەدرێت.”

لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا چەندین کەس لە سێدارەدران

بە گەیشتنی فەرمان (فتوا)ـکەی خومەینی، سوپای پاسداران لەشکرکێشییان کرد بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر ڕۆژێک دوای  فەتوای خومەینی و بە گەیشتنی سادق خاڵخاڵی (حاکم شەرعی) نێردراوی خومەینی، هەموو زیندانیانی کوردی زیندانی تەبرێز بێ دادگاییکردن لە سێدارە دران، هەر لەو چوارچێوەیەدا لە سێدارەدانەکان بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازییان درێژەی پێدرا و لە نیوەشەوی ڕۆژی ١٩ـی ئابی ١٩٧٩ بە گولـلەبارانکردنی ١١ هاوڵاتی کورد لە زیندانی دێزڵ ئابادی کرماشان توندتر بوو، هەروەها ڕۆژێک دوای ئەوە لە پاوە ٧ کەس لە سێدارەدران، ٢٣ـی ئاب ٩ کەس لە شاری مەریوان لە سێدارەدران، کە مامۆستای خوێندنگا و پەرستاری نەخۆشخانە بوون، ٢٥ـی ئاب ١١ کەس لە سنە لە سێدارەدران، ٢٦ـی ئابیش ٢٠ کەس لە شاری سەقز لە سێدارەدران.

لەو ڕۆژەوە کۆمەڵکوژیی و سیاسەتی قڕکردن لەسەر گەلی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ئێستاش دیارترین سیمای ئەو کۆمارە تیرۆر و کەلەپچە و سێدارەیە، هێشتا سەدان ئازادییخوازی کورد لە کونجی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییدا قایمکراون و ڕۆژانە لاوانی کورد لە سێدارە دەدرێن، هێشتاش کورد وەک نەتەوەیەک، کە خاوەن مافی نەتەوەیی و سیاسیی و ئازادیی خۆیەتی لەو وڵاتەدا قبوڵ نەکراوە.

ب.گ

Comments are closed.