هەولێر لە وێستگەی یەکەم هەڵوێستی نەتەوەییەوە بۆ لانکەی داگیرکەران

ناوەندی هەواڵەکان

بۆ یەکەمجار باشووری کوردستان ٣١ ساڵ لەمەوبەر لە هەولێرەوە، یەکەم هەڵوێستی نەتەوەیی بۆ پشتگیریی لە گەلی باکووری کوردستان نیشاندا، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و بە درووشمی “شرناخ هەڵەبجەیە” جەختییان لە یەکپارچەیی کوردستان کردەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی دەسەڵاتی پەدەکەوە هەولێر بووە بە لانکەی داگیرکەران و دوژمنانی کورد و زیندانی وڵاتپارێزان.

لە دوای ڕاپەڕینی گەلی باشووری کوردستان بەسەر ڕژێمی بەعسدا، کە لە ڕۆژی ٥ـی ئاداری ١٩٩١، لە شارۆچکەی ڕانیەوە دەستیپێکرد و دواتر سەرجەم شار و شارۆچەکەکانی باشوور کوردستانی گرتەوە، ڕۆژی ١٨ـی ئابی ١٩٩٢سوپای تورک بە بیانووی ئەوەی گوایە گەریلا چووەتە ناو شاری شرناخی باکووری کوردستان، هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر شارەکە دەستپێکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٥٠ هاوڵاتی شەهید بوون و بە سەدانی دیکەش بریندار بوون، هەروەها بەشێکی زۆری شارەکە خاپوور بوو.

هاوڵاتییان ئەو کۆمەڵکوژییەی شرناخ-یان بە هەڵەبجە چواند، بۆیە چالاکوانان و وڵاتپارێزان، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ٢٦ـی ئابی١٩٩٢، خۆپیشاندانێکیان ڕێکخست بۆ پشتیوانی خەڵکی شرناخ و دژایەتیی دەوڵەتی تورک و دروشمەکانی “باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات، یەک ئامانج و یەک خەبات”، “شرناخ هەڵەبجەیە، کوردستان یەک پارچەیە”، “بڕوخێ داگیرکاریی بژی کوردستان”ــیان دەوتەوە.

خۆپیشاندەران لە شێخەڵا و یانەی فەرمانبەران کۆ دەبوونەوە، هێزە ئەمنییەکانی پەدەکە بە چەکی قورسەوە ئامادە بوون بۆ سەرکوت کردنی خۆپیشاندەران.

جێگەی ئاماژەیە، دوو ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان’یان بە قورسی ئەشکەنجەدا و دەستگیریان کردن، ئەمەش زیاتر خۆپیشاندەرانی توڕە کرد و بەریەککەوتن لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا درووست بوو.

لەو کاتەدا کە داوای ئازادکردنی هاوڕێکانیان دەکرد، لەلایەن ئاسایشەوە دەستڕێژی گولـلە لە خۆپیشاندەران کرا و دوو کەس شەهید بوون، گەنجێک بەناوی ‘نەژبیر’ و ژنێکیش بە ناوی لەیلا لەگەڵ کچە چوار ساڵانەکەی کە ناوی كوردستان بوو، بەر گولـلە کەوتن، کوردستانی تەمەن چوار ساڵە شەهید بوو و لەیلای دایکیشی بریندار بوو.

دواتر، ڕەشبگیریی دەستیپێکرد، نزیكەی ٥٠ كەس دەستگیر کران، بەڵام دواتر تەنیا ١٥ کەس مانەوە، ئەوانی دیكە ئازاد کران، ئەو ١٥ كەسەش، “شەهید ڕەئوف، شەهید سەیفەدین، حەمەدەمین ناوێك، ژنێك بە ناوی پەیمان و هاوسەرەکەی بە ناوی عەبدولڕەحمان، لەیلا و چەند کەسێکی دیکە دوای سێ مانگ زیندانیی ئازاد کران.

ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، کە تا ئێستا داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک زیاتر لە جاران بەردەوامە، دوای ٣١ ساڵ ئێستاش ئاسایشی هەولێر ڕێگە بە هیچ خۆپیشاندان و چالاکییەکی مەدەنی دژی داگیرکارییەکان نادات.

بە جۆرێک لەمڕۆدا لە لایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە هەولێر بووەتە مۆڵگەیەکی داگیرکەران، دەیان ئازادییخواز ڕاپێچی زیندانەکان کراون و تۆمەتی ناڕەوایان خراوەتە پاڵ؛ ئەگەر سەردەمێک هەولێر پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی بەش مەینەتی باشووری کوردستان بوو بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، لەمڕۆدا بەهۆی سیاسەتی پەدەکەوە بووەتە لانکەی داگیرکەران و زیندانی ئازادیخوازان و نیشتیمانپەروەران.

ب.گ

Comments are closed.