پەدەکە گرووپێک گەریلای شەهید کرد و دوو ساڵیشە تەرمەکانیانی ون کردووە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدکردنی پێنج گەریلا و بەدیلگرتنی گەریلایەکی بریندار لە بۆسەیەکی چەکدارانی پەدەکەدا لە خەلیفان، هەتا ئەمڕۆش پەدەکە یەک وشەی لەو بارەیەوە نەدرکاندووە و چارەنووسی ئەو بریندارە و تەرمی شەهیدەکانیش دیار نییە.

شەوی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢١، گرووپێک گەریلا، کە لە حەوت کەس پێکدەهاتن، دەیانویست لە قەندیلەوە بچنە بادینان، دەوروبەری کاتژمێر ٢:٣٠ خولەکی نیوەشەو، کاتێک گەریلاکان ویستوویانە ئاوی زاپ تێپەڕێنن، ڕووبەرووی هێرشی چەکدارانی پەدەکە بوونەوە.

بە بێ ئەوەی چەکدارەکانی پەدەکە، هیچ ئاگادارییەک بدەن، یان گولـلەی هۆشداریی بتەقێنن، ڕاستەوخۆ لە چوار لاوە گولـلەبارانیان کردن، بە وتەی هەڤاڵ حەقی، کە یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە بووە و شایەتحاڵی ئەو ڕووداوەیە، توانیویەتی بە دژواری و زەحمەتییەکی زۆر لەو هێرشە ڕزگاری ببێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێنج گەریلا شەهید بوون، گەریلایەکیش بە برینداریی دەستگیر کرا.

دواتر هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، بە فەرمی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا پێنج گەریلا شەهید دەبن و گەریلایەکیش بە برینداری بەدیل دەگیرێت و یەکێکیش لە گەریلاکان دەربازی بووە، تا ئێستاش پەدەکە لەو بارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە و تەرمی ئەو گەریلایانەی ڕادەستی خانەوادەکانیان نەکردووە.

دوو لەو گەریلایانەی هەپەگە ناسنامەیانی ئاشکرا کرد بە ناوەکانی تۆڵهەڵدان ڕامان و سەردەم جودی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بوون، کەسوکارەکانیان و ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی جزیرە لە ٥ـی تشرینی یەکەمەوە، لە دەروازەی سنووری سێماڵکا دەستیان بە مانگرتن کرد و چادریان هەڵدا و داوای تەرمی ڕۆڵەکانیان کرد، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی پەدەکە هیچ وەڵامێکیان نەداونەتەوە، یەک وشەشیان لەسەر ئەو هێرشەی خەلیفان نەدرکاندووە.

ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر ئەو هێرشەی پەدەکەدا تێدەپەڕێت، تا ئەمڕۆش پەدەکە بە هەمان سیاسەتی دژ بە کورد و نۆکەریی بۆ تورک بەردەوامە و لە هەرێمی زاپ شانەوشانی سەربازی تورک هێرش دەکەنە سەر هەرێمەکانی گەریلا، شۆڕشگێڕ و ئازادییخوازانی کورد بە داگیرکەر و “تیرۆر” پێناسە دەکەن و سەرانی دڕندە و فاشیستی تورکیش وەک خاوەن ماڵ.

ب.گ

Comments are closed.