لە سلێمانى پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بە بۆنەی ساڵیادى ئەنفال کرایەوە

سلێمانى

ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، بە مەبەستى بەرزڕاگرتنی یادی ٣٦ ساڵەی ئەنفال، یەکێتی ژنانی کوردستان هەستا بە کردنەوەی، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی، لە ژێر ناونیشانی (فرمێسکەکان دوای ٣٦ ساڵ بەردەوامیان هەیە)، بۆ وێنەگر جەوهەر کانی هەنجیرەیی کرایەوە و لەڕێگەیەوە ئازار و خەمەکانی ئەنفال نمایش کرا.

ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرشتی، یەکێتی ژنانی کوردستان پێشانگایەکى فۆتۆگرافى بۆ جەوهەر کانی هەنجیرەیی بە مەبەستى بەرزڕاگرتنى یادى ٣٦ ساڵەى ئەنفال کرایەوە.

سەیران محەمەد، کارگێڕی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز وتی،  ئەمڕۆ ئێمە هەستاین بە کردنەوەی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی بۆ جەهەر کانی هەنجیرەیی، کە خۆی پاشماوەیەکى ئەنفالە.

دەشڵێت، مەبەست لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە پیشاندانی مەینەتی و فرمێسک و ئازارەکانی، ئەو کەسانەیە، کە پاشماوەى ئەنفالن و دوای ٣٦ ساڵ لەو کارەساتە هێشتا ڕشتنى فرمێسکەکانیان بەردەوامە.

ئەوەشى خستەڕوو، لەم چالاکیەدا ٣٦ فۆتۆ لەلایەن فۆتۆگرافەر جەوهەر کانى هەنجیرى نمایش کراوە، کە سەرجەمیان ئازارەکانى نمایش پیشان دەدەن.

هەروەها، جەوهەر کانی هەنجیرەیی سەبارەت بە ئامانجی کردنەوەی پێشانگاکە وتی: ئامانج لە کردنەوەى ئەم پێشانگایە لەلایەن یەکێتی ژنانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ژنان پشکی شێریان بەرکەوتووە لەم کارەساتەدا و تێیدا ٣٦ وێنەمان نمایش کردووە، کە ئاماژەن بۆ ساڵەکانی ئەنفال.

وتیشى، بەڕاستی تا ڕووفاتی ئەنفالکراوان و ڕۆڵەکانیان نەگەڕێندرێتەوە ئەم ئازارى کەسوکارى ئەنفالکراوان بەردەوامیان دەبێت و داواکارم لە لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کاربکەن بۆ گەڕاندنەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان، هەوڵی ساڕێژکردنی برینی دایکان بدەن.

جێگەى ئاماژەیە، کارەساتى ئەنفال، یەکێکە لە هەرە دڕندانەترین پڕۆسە سەربازییەکان، کە لە ساڵى ١٩٨٨ دا ڕژێمى پێشوى بەعس بەرامبەر بە گەلى کورد لە باشورى کوردستان ئەنجامیدا و بە شەش قۆناغ تەواو بوو.

ئ.م

Comments are closed.