ئێران: ٧٢ كاتژمێر پێش دەستپێكردنی هێرشەكە وڵاتانی دراوسێمان ئاگادار كردووەتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، حكومەتی وڵاتەکەمان ٧٢ كاتژمێر پێش دەستپێكردنی هێرشەكەی سەر ئیسرائیل دراوسێكانی خۆی لە هێرشەكە ئاگادار كردووەتەوە، دەشڵێن، لە میتنى هێرشەکەدا ناوەندێكی هەواڵگری ئیسرائیلمان لە باكووری جۆلان كردووەتە ئامانج.

تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران لە زاری ئەمیر حوسێن عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامى هێرشەكەی تارانی بۆ سەر ئیسرائیل بڵاوكردەوە.

ئەمیر حوسێن عەبدوڵاهیان ڕایگەیاندووە، حكومەتی وڵاتەکەمان ٧٢ كاتژمێر پێش دەستپێكردنی هێرشەكەی سەر ئیسرائیل دراوسێكانی خۆی لە هێرشەكە ئاگادار كردووەتەوە.

دەشڵێت، لە هێرشەکەدا مووشەكی بالیستی و كروز و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانمان بەکارهێناوە و هێرشەكان بۆ سەر باكووری ڕۆژئاوا و باشوور و ناوەندی ئیسرائیل بووە.

ئاماژەی بەوەش كرد، لە هێرشەكەدا ناوەندێكی هەواڵگری ئیسرائیلمان لە باكووری جۆلان كردووەتە ئامانج، كە تێیدا ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی دژی هێزەكانی مەقاومە لە سووریا ئەنجام دەدرا، کە ئەو ناوەندە ڕۆڵی لە هێرشەكەی سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق هەبووە.

جێگەی ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو ئێران لە ڕێگەی چەندین فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكەوە هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، بەڵام هەموو هێرشەكان شكستی پێهێنرا و زیانی گیانی هیچ نەبوو.

هـ.ئ

Comments are closed.