لە پێنجوێن پەردە لەسەر مۆنۆمێنتی کەمالە خڕە لادرا

پێنجوێن

ئێوارەى ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەی مەراسیمی ساڵیادی شەهیدبوونى کەمالە خڕە کرایەوە و پەردەش لەسەر مۆنۆمێنتی شەهید لادرا، خانەوادە و هاوڕێیەکانیشی بەڵێنی درێژەدان بەخەباتی شەهید دەدەن و ئاماژە بەوەش دەکەن، شەهید كەمال هێندە گەورە بوو دوژمنان لێی تۆقیبوون، بۆیە بەو جۆرە شەهیدیانكرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ لەچواڕیانی كەمالە خڕە لە شارۆچكەی پێنجوێن و بەئامادەبوونی كەسوكارو هاوڕێیانی شەهید مەراسیمی ساڵیادی شەهید بوونى کەمالە خڕە بەڕێوەچوو.

لە مەراسیمەکەدا پەردە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهید كەمالە خڕە لادرا، تاجەگوڵینە لەبەردەم وێنەكەی دانرا.

قەندیل كەمال کە كوڕی شەهید كەمالە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەمڕۆ هەشتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهید كەمال دەکەینەوە، كە بەدەستێكی ڕەش لەشارۆچكەی پێنجوێن شەهیدكرا، ئەمساڵیش ویستمان جیاواز لەساڵانی ڕابردوو یادێكی شكۆمەندانە بێت بۆ باوكم.

وتیشی: ئەمساڵ ئەم مۆنۆمێنەتەمان لەسەر شەقامی گشتی پێنجوێن باشماخ بۆ دروستكردوە، پەردەمان لەسەر وێنەكەی لادا، بەڵێنی ئەوە دەدەین درێژە پێدەری خەباتی باوكمان دەبین، تاوەكوو لەژیان مابین.

هاوكات تارا حسێن هاوسەرۆكی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای كوردستان لەمیانی پێشكەشكردنی وتەیەكدا وتی: ئەم شارە بكەینەوە بەناوی شەهید كەمالەوە ناتوانین وەڵامی ئازایەتی و قارەمانێتی هەڤاڵ كەمال بدەینەوە، شەهید كەمال بەهەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكانی نوێنەرایەتی خەڵكی پێنجوێن و باشوری كوردستانی دەكرد، هەڵگری زهنیەتێك بوو دوژمنان لێی تۆقیبون.

وتیشی: ئەو مەبدەئەی ئەو لەپێناویدا پێشمەرگەو گەریلابوو پاشەكشەی نەدەكرد، نمونەی هەڵوێستەكانی ئەو دەتوانێت گەلی كورد لەقڕكردن و شەهیدكردن جینۆساید بپارێزێت، بۆیە پاشەكشەی نەدەكرد، هەڤاڵ كەمال ئەركی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی خۆی بەجێگەیاند.

تارا حسێن جەختیشیکردەوە، شەهادەتێكی وەك هەڤاڵ كەمال جێگای ئیرەی پێبردنە كەبەزیندوێتی لەناو دڵی گەل و ڕۆحی مێژووی خۆتدا دەمێنیتەوە، بەهەموو جۆرێك ئێمەش نەفرەت لەخیانەت دەكەین.

لەکۆتاییشدا هاوسەرۆکی تەڤگگەری ئازادیی جەختیکردەوە، وەفاداری ئێمە درێژە پێدانە بەخەباتی هەڤاڵ كەمال و بنەماڵەكەی.

هـ.ح

Comments are closed.