سوودانی و  بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا کۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەکان

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، بەیانی ئەمڕۆ لە واشنتۆن سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا  و شاندی یاوەری کرد، دەشڵێن، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە لە گەشەپێدانی بانکەکانی عێراق بەپێی ئەو مەرج و ڕێکارانەی ئەمریکا دایناوە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بارەی کۆبوونەوەی نێوان سوودانى و برایان ئی نێڵسن بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەیانی ئەمڕۆ لە واشنتۆن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە برایان ئیى نێڵسن بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و شاندی یاوەری کرد.

ئاماژە بەوەش کراوە،  لە میانی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی هاوکاری نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بواری دارایی بانکی و بوارە ئابوورییەکان بە گشتی هەروەها  ئەو هەنگاوانەی، کە حکومەتی عێراق دەستی پێکردووە بۆ چاکسازی لە کەرتی دارایی و بانکیدا.

دەشڵێن، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە گەشەپێدانی بانکەکانی عێراق بەپێی ئەو مەرج و ڕێکارانەی ئەمریکا دایناوە.

جێگای ئاماژەیە، پێشتر وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چەند بانکێکی عێراقیدا، بەتۆمەتی بوونی پەیوەندیان بە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە سەپاند.

ڕ.ش

Comments are closed.