خالید شوانی لەبارەى هەڵبژاردنى پارێزگارى کەرکووک ڕوونکردنەوە دەدات

ناوەندی هەواڵەكان

وەزیری دادی عێراق ڕایگەیاند، هەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر ئیدارەی داهاتووی كەركووك و دانانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن، لە ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە لە قۆناغی كۆتاییدایە، دەشڵێت، بە گەڕانەوەی سەرۆك وەزیرانى عێراق لە ئەمریكا و ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەك، پۆستەكان یەكلایی دەکرێتەوە.

خالید شوانی وەزیری دادی عێراق لە بارەی دواین پێشهات و هەوڵەكان بۆ یەكلایی كردنەوەی پۆستەكانی پارێزگای كەركووك، لە دیداری سلێمانی زانیاری نوێی خستەڕوو.

خالید شوانی ڕایگەیاندووە، هەنگاوەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر ئیدارەی داهاتووی كەركووك و دانانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن، لە ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە لە قۆناغی كۆتاییدایە.

ئاماژەى بەوەش کرد، بە گەڕانەوەی سوودانى سەرۆك وەزیرانى عێراق لە ئەمریكا و ئەنجامدانی چەند كۆبوونەوەیەك، پۆستەكان یەكلایی دەکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، پێم وایە تا كۆتایی ئەم مانگە یان لە ماوەیەكی نزیكدا ئەم پرسە كۆتایی پێدێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێككەوتنی كۆتایی زۆر نزیك بووینەتەوە.

باسی لەوەش كرد، وەك یەنەكە پۆستی پارێزگاری كەركووك بە هەقی كورد دەزانین و لە ناو كوردیشدا بە هەقی یەنەكەی دەزانین، بۆ ئەم مەبەستە لە دانووستانداین لەگەڵ لایەنە براوەكانی دیكەدا.

جێگەی ئاماژەیە، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەچوو، لە كۆی ١٥ پارێزگا ١٣ پارێزگا حكومەتی خۆجێییان پێكهێناوە، تەنها هەردوو پارێزگای كەركوك و دیالە بەهۆی ململانێی سیاسییەوە نەیان توانیووە ڕێكبكەون لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی ئەو پارێزگایانە.

هـ.ئ

Comments are closed.