قۆناغی چواری ئەنفال.. هەوڵێکی تری ڕژێمی بەعس بۆ لەناوبردنى گەلی کورد

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ٣٦ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر قۆناغی چوارەمی تاوانی ئەنفال کە  كە پڕۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی ڕژێمی بەعس بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی یەکجارەکی گەلی كورد و شووناس و کلتوور و جوگرافیاکەشی.

٣٦ ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی ١٩٨٣وە ڕژێمی بەعسی فاشیست بە بڕیاری ڕاستەوخۆی سەدام حسێن و سەرپەرشتى عەلی حەسەن مەجید شاڵاوی تاوانى ئەنفال دەستى پێکرد و بە هەشت قۆناغ تا ساڵی ١٩٨٨ بەردەوام بووە.

ئامانجی ئامانجی ڕژێمەکەى سەدام حسێن لە ئەنفالکردن سڕینەوە و لەناوبردنى گەلی کورد بوو، بۆیە لەو هەشت قۆناغەى ئەنفالدا ١٨٢ هەزار هاوڵاتیی مەدەنى گیانیان لەدەستدا و بێ سەرو شوێن بوون، چوار هەزار و ٥٠٠ گوندیش بە خانوو ماڵی هاوڵاتییانەوە وێران کران و سوتێنران.

سەرەتای قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٣ بە ئەنفالکردنى هەشت هەزار بارزانى دەست پێدەکات و لە ٢١ شوباتى ساڵی ١٩٨٨ بەتەواوی لە دۆڵی جافایەتى و شارباژێر لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە دەست پێدەکات.

قۆناغی دووەمی ئەنفال لە ناوچەی قەرەداغ لە ١٤ی ئادار دەستی پێکرد و تا ٢٢ی ئادار ١٩٨٨ی بەردەوام بوو، بەشێکی زۆر لە دانیشتوانى سنوورەکە و  ئەو کەسانەی ئاوارەی ناوچەکانی گەرمیان بوون لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیرکران و بەشێکی زۆریان بێسەرووشوێن کران.

قۆناغی سێیەمی ئەو جینۆساید و تاوانە گەورەیە سنووری گەرمیانی گرتەوە  کە لە ٣١ی ئادارەوە دەستی پێکرد و  تا ١٤ی نیسانی ساڵی ١٩٨٨ خایاند و تێیدا ٥٠ هەزار ژن و منداڵ و پیاو ڕەوانەی سەربازگەی قۆڕەتوو دواتر نوگرە سەلمان کران.

ئەمڕۆ ١٨ی نیسان ساڵیادی قۆناغی چوارەمی ئەنفالە کە گووندەکانى زێی بچوکی گرتەوە وەک، گوندەکانی ئاغجەلەر و تەق تەق و عەسکەر و گۆپتەپە، کە  لە ١٨ی نیسان تا ٢٠ی نیسان ساڵی ١٩٨٨ی خایاند کە ژمارەی قوربانیانی ئەم تاوانەش ٣٠٠ کەسی تێپەڕاند.

هەر لەم قۆناغەدا ڕژێمی بەعس بە فەرمانى ڕاستەوخۆی عەلی حەسەن مەجید کیمیابارانکردنى چەند ناوچەیەکى هەرێمی کرد، بەتایبەت گوندەکانی ئاغجەلەر و تەق تەق و عەسکەر و گۆپتەپە و چەند ناوچەیەکی دیکەى هەرێم.

ئەگەرچی بەشێک لە بکەرانى تاوانی ئەنفال لەسەروو هەموویانەوە سەدام حسێن و عەلی حەسەن مەجید لە سێدارە دران و کەمێک دڵ و دەروونى خەڵکی کوردستان و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران فەرامۆشی هات، بەڵام هێشتا ئازار و برینی ئەو تاوانە مرۆڤایەتى هەر بەردەوامە.

دوای ٣٦ ساڵ هێشتا حکومەتى نوێی عێراق داوای لێبوردنى لە گەلی کورد و کەسوکاری ئەنفالکراوان نەکردوە و هیچ ماف و ئیمتیازو قەرەبووکردنەوەیەکى کەسوکاری قوربانیانى نەکردوە، حکومەتى هەرێمیش تا کەمتەرخەم بووە لە خزمەتکردن و ساڕێژکردنى برینى کەسوکاری ئەنفالکراوان.

ئەوەى ئەمڕۆ هێندەى تاوانەکە ئازاری کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەدات، شاردنەوە و دڵدەدان و پاداشتکردنى ئەو کەسانەن کە بە جاش و موستەشارەکانن لەلایەن حزب و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەو کەسانە کە لەناو کورد وەک خائین سەیر دەکرێن، هەنگاو هەنگاو گوند بەگوند پێش تان کو زیل و زرێپۆشی سوپای عێراق کەوتن بۆلەناوبردنى گەلی کوردستان.

ئێستا ئەو جاش و موستەشارانە کە ژمارەیان نزیکەى ٣٠٠ کەس دەبێت لەلایەن حزب و بنەماڵە و دەسەلاتدارانى هەرێمەوە بەشێکیان داڵدە دراون، و بەشێکیشیان بە پۆست و پلە و پارەیەکى زۆر پاداشت کراون، لەکاتێکدا ئەوانە لە دادگاکانى هەرێم و عێراقیش سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و ناویان لەناو لیستى ئەو کەسانەدا هەیە کە بەشدار بوون لە تاوانی ئەنفال و دادگاکان چەندین جار داوای کردون، بەڵام ڕادەستى دادگاکان ناکرێت.

هـ.ح

Comments are closed.