دەم پارتی قەرزداریی شارەوانییەکان لەسەردەمی ئاکەپەدا ئاشکرا دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

هەریەکە لە شارەوانییەکانی ملازگر و تەتوانی دەم پارتی قەرزداریی شارەوانییەکانیان لە کاتی بەڕێوەبەریی ئاکەپەدا خستەڕوو و بە لافیتەیەکی گەورە بە دیواری شارەوانییدا هەڵیانواسی، کە هەردوو شارەوانییەکە بڕی زیاتر لە ملیار و نیوێک لیرە قەرزدارە.

شارەوانییەکان لەکاتی بەڕێوەبەریی ئاکەپە لە بری ئەوەی خزمەتی گەل بکەن، بە دانانی قەیومەوە هەموو هەوڵێکییان بۆ دزین و قەرزدارکردنی شارەوانییەکان بووە و داهاتی شارەوانییەکان بۆ خزمەتی دەسەڵاتداری ئاکەپە خەرج کردووە.

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنە خۆجییەکانی ٣١ـی ئاداردا، دەم پارتی هەردوو شارەوانی ملازگری موش و تەتوانی بەدلیسی بەدەستهێنا، بەڕێوەبەری نوێی ئەو دوو شارەوانییە لیستی قەرزداریی و مەسروفاتی شارەوانییان بە لافیتەیەکی گەورە بە دیواری شارەوانییدا هەڵواسیوە.

لە لیستەکەدا ئەوە دەرخراوە شارەوانی ملازگر ٣٢٤ ملیۆن و ٤٣٦ هەزار و ٣١٥ لیرە قەرزداربووە.

هەروەها شارەوانی تەتوان ملیارێک و ٢١١ ملیۆن لیرە قەرزداری کاتی بەڕێوەبەری ئاکەپەی لەسەر کەڵەکەبووە.

ب. ق

Comments are closed.